شەڕڤانانی یەپەژە تێکەڵ بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێن

یەکینەکانی پاراستنی ژنان ( یەپەژە) ڕایگەیاند کە وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تێکەڵکردنی دوو یەکینەی تایبەتی ئەو هێزە کوردییە تەواو ژنە. ئەم ڕاگەیەندراوە دوای چەندین مانگ لە دانوستانی نێوان بەرپرسانی حکومەتی سوریا و سەرکردە کوردەکان دێت سەبارەت بە داهاتووی ئەو هێزە، لە دوای ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.

وتەبێژی ئەو هێزە کوردییە، ڕوکسێن محەمەد ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە حکومەتی کاتیی سوریا ڕەزامەندی داوە بە تێکەڵکردنی 800 شەڕڤانی یەپەژە لە چوارچێوەی دوو کەتیبەی تایبەتدا لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ، هەرچەندە حکومەتی سوریا هێشتا ئەم ڕاگەیەندراوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

یەپەژە پێکهاتەیەکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بوو، کە پێشتر هاوبەشی ئەمەریکا بوو لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا لە سوریا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە مانگی 8 ی ساڵی 2026 دا بە فەڕمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەت کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان گرتە دەست کە پێشتر هەسەدە بەڕێوەی دەبرد.

یەپەژە ئاماژەی بەوەش داوە کە ناوی نزیکەی 1,500 ئەندامی دیکەی پێشکەش کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکییان لە دەسەڵاتدارانی سوریاوە سەبارەت بە دۆخی ئەوان پێنەگەیشتووە. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حکومەتی سوریاوە کردووە بۆ وەرگرتنی لێدوان لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەدراوەتەوە.

لەو کاتەوەی زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دانوستانەکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوە کوردییەکان بە دەوڵەتی سوریا بە فەڕمی دەستیپێکردووە، پێگە و دۆخی شەڕڤانە ژنە کوردەکان خاڵێکی سەرەکی ناکۆکیی بووە. حکومەتە ئیسلامییەکەی سوریا دژی تێکەڵکردنی شەڕڤانە ژنە کوردەکان بوو بە سوپای وڵاتەکە، بەڵام نەرمییەکی نواندووە بەرامبەر تێکەڵکردنییان بە هێزەکانی پۆلیس و پێکهاتە ئاسایشییە ناوخۆییەکانی دیکەوە.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن نەبوونی شەفافییەت لە پڕۆسەی تێکەڵکردنەکەدا، دانوستانەکانی نێوان هەردوولای زیاتر ئاڵۆز کردووە.

عەبدولحەلیم سلێمانی چاودێری سیاسیی لە شاری قامیشلۆی سوریا بە دەنگی ئەمەریکای گوت '' کاتێک شێوازی دیاریکراو بۆ تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بە فەڕمی ڕانەگەیەندراوە، ئەوە دەگەیەنێت کە دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن و کۆتاییان نەهاتووە. پێم وایە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەسەر وردەکارییەکان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە یەپەژە چۆن دەخرێتە ناو پێکهاتەی ئاسایشی سوریاوە، بە تایبەتی لە ناوچە کوردییەکاندا.''

لای خۆیەوە گوڵستان گولۆی وتەبێژی کۆنگرەی ستار کە چەتری کۆکەرەوەی ڕێکخراوەکانی ژنانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند کە هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی یەپەژە یان داماڵینی لە ناسنامە سەربازییەکەی، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ببێتەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا، کە تێیدا شەڕڤانە ژنەکان بەهۆی قوربانیدانەکانییانەوە لە شەڕی دژی تیرۆردا ڕێزێکی زۆرییان لێدەگیرێت.

گولۆ بە دەنگی ئەمەریکای گوت '' ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی حکومەتی کاتیدا نین کە دەڵێت ناکرێت یەپەژە وەک هێزێکی سەربازیی لە ناو سوپادا قبووڵ بکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەربازیی چەندین ساڵەی، یەپەژە سەر بە وەزارەتی بەرگری و سوپایە.''

XS
SM
MD
LG