دادگای فیدراڵی عێراق دوو "داواکاریی پەلەی" لەبارەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی یەکشەممە دوو "داواکاریی پەلەی" ڕەتکردەوە کە دەیانویست هەر لە ئێستاوە ڕێکارەکانی پەرلەمانی کورستان ڕابگیرێن تاوەکو دادگا ئەو داوای تانەدانە یەکلایی دەکاتەوە کە لەبارەی یاساییبوونی دانیشتنی چواری یازدەی پەرلەمانەوە تۆمار کراوە.

محمەد سلێمان محەمەد و ئاسۆس عەلی ئەحمەد دوو داواکاریان لە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ فەرمان دەربکات بە "ڕاگرتنی بەپەلەی کار و ڕێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی پەرلەمان کە لە 4 ی یازدە سازدرا." ئەمەش وەک بەشێک لەو دوو داوایەی کە هەردووکیان تۆماریانکردووە و دەیانەوێت دادگا دانیشتنی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی هێشتا بڕیاری لەسەر داواکان نەداوە.

محەمەد سلێمان محەمەد داواکەی بەو سیفەتە پێشکەشکردووە کە بەتەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2024 وەک سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دیاریکرابوو. ئاسۆس عەلی ئەحمەدیش ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.

لە هەردوو نوسراوەکەی دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە کە داواکارییەکان ڕەتکراونەتەوە لەبەر نەبوونی دوو مەرجی سەرەکی کە لە ماددەی 151 ی یاسای دادگایکردنی مەدەنی ژمارەی 83 ی ساڵی 1969دا هاتووە، مەرجەکانیش بریتیین لە "پەلەییبوون و دەستنەدان لە بنەڕەتی مافەکە" و دادگاکە نوسیویەتی کە ئەم دوو مەرجە نەهاتوونەتە دی لە داواکارییەکاندا، "لەبەرئەوە دادگای باڵای فیدراڵی داواکاریی فەرمانی پەلەی پابەندبوونی ڕەتکردووەتەوە." هەروەها دادگا لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە داواکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی دادگاکە ڕەتکراوەتەوە.

جێگەی باسە کە ئەم بڕیارە بەو مانایە نایەت داوا بنەڕەتییەکەی محەمەد سلێمان بە ژمارەی 264 و ئاسۆس عەلی بە ژمارە 263، ڕەتکراونەتەوە.

پەرلەمانی کوردستان چواری یازدەی لە دانیشتنێکی نائاساییدا و بە ئامادەبوونی 52 ئەندام کۆبوەوە و سەرۆکی هەڵبژارد و بەو جۆرەش پەرلەمان کاراکرایەوە.

پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خاوەنی 23 کورسیە و جوڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و لەهەوڵدابوون بۆ دروستکردنی زۆرینە و پێکهێنانی حکومەت. ئەمەش دوای ئەوە هات کە گفتوگۆکانی دروستکردنی کابینەی نوێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی 39 کورسییە، بێئەنجام بوون.

کۆبونەوەکەی چواری مانگ دوای ئەوە هات کە چەند ئەندامێکی پارت و جوڵانەوەکانی دیکە چوونە پەرلەمان و لەگەڵ پارتی دیموکرات پەرلەمانیان کاراکردووە و ئەمەش بووە مایەی قەیرانێکی سیاسیی قوڵ لە کوردستاندا.

XS
SM
MD
LG