کابینەی ئەمنی ئیسرائیل لەسەر ئێران کۆدەبێتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران زیادیان کردووە و ڕاپۆرتەکان باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر پێگەکانی رژێمی ئێران دەکەن.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیلە لە دوای پێنجی ئۆکتۆبەر کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئیسرائیل سازدرا.

کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل گرووپێکی بچووکە لە وەزیرە باڵاکانی حکومەت و بەرپرسیارە لە بڕیارە گرنگەکان سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و سیاسەتی بەرگری وڵاتەکە.

پێشتر تۆڕی گشتی کانی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەی کردبوو کە کابینەی ئەمنیی بەبێ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فەرمی، فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە ئاستی ئامادەباشی بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران بەرز بکاتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕۆمەن گۆفمان، سەرۆکی مۆساد، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا دەربارەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی ئەمەریکای کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، قەناعەت پێ بکات بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی ئێران.

ڕۆژنامەی ئاکسیۆسیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ترامپ بەم دواییانە داواکارییەکی نەتانیاهوی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕەتکردووەتەوە.

پێشتر گادی ئایزەنکۆت، کە ڕاسپێردراوە بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل، هۆشداری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناپێویست لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا دابوو و داوای لە بنیامین نەتەنیاهو کردبوو خۆی لە بڕیاری لەو جۆرە بەدوربگرێت.

نەتەنیاهوش لە وەڵامی ئەو هۆشدارییانەدا جەختی کردووەتەوە کە هەموو بڕیارەکانی حکومەت تەنها لەسەر بنەمای پێویستی ئەمنی دەبێت و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا دەدرێت.

XS
SM
MD
LG