پارێزگاری نوێی کەرکوک هەڵبژێردرا

پاش نزیکەی مانگێک لە بۆشایی ئیداری و ناکۆکیی سیاسی، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕۆژی شەممە، قەحتان وەنداوی، بەربژێری بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک هەڵبژارد.

ئەو هەڵبژاردنە بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی پارێزگاکە ئەنجام دراو بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پۆستی پارێزگار بدرێتە پێکهاتەی عەرەب.

وەنداوی بە 14 دەنگ لە کۆی 15 ئەندامی ئامادەبووی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. ئەم هەڵبژاردنە دوای دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان هات. سەمعان بووەتە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی عێراقدا.

لایەنی عەرەبی کە پێشتر نیگەرانییان سەبارەت بە چارەنووسی پۆستەکە دەربڕیبوو، دەڵێت گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان وەرگرتووە.

شێخ زاهر عاسی، ئەندامی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکا وت، هیچ دوودڵیمان نییە لەم ئاڵوگۆڕکردنەدا. رێزی تەواومان بینی لەنێوان هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەو کاتانەی کە دیاریکراون لە خاڵەکانی ڕێککەوتن بۆ گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک."

بەپێی ڕێککەوتنە سیاسییەکە، قەحتان وەنداوی تا کۆتایی ئەم ساڵ لە پۆستەکەدا دەمێنێتەوە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پۆستەکە دەدرێت بە کاندیدێکی پێکهاتەی عەرەب.

لایەنی کورد، بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەڵێن ئەم ڕێککەوتنە تەنها گواستنەوەی پۆستی پارێزگار نییە، بەڵکو دابەشکردنێکی فراوانتری دەسەڵاتە. نەشئەت شاهوێز، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بە دەنگی ئەمەریکا وت، "بەپێی رێککەوتنی سیاسی ئەمە تا سەری ساڵ بەردەوام دەبێت و سەری ساڵ ئاڵوگۆڕی تەواودەکرێت. پۆستی پارێزگار دەدرێت بە نەتەوەی عەرەب و ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگار و پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک وەردەگرین."

بەڵام بۆ هەندێک لە چاودێران رێککەوتنی سیاسی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، پرسیار لەسەر پرۆژەی هەڵبژاردن دروستدەکات. ئەوان دەڵێن ئەگەر پۆستە سەرەکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی دابەش بکرێن ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چ کاریگەرییەکی هەیە.

عەلی مالەلا، ڕۆژنامەنووس، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لە ڕاستیدا بابەتی هاوبەشیکردن لە پرۆسەی سیاسی کەرکوکدا، سڕینەوەی پرۆسەی دیموکراسییە. ئەگەر رێککەوتنی سیاسی هەبێت بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان، ئیتر بە خەڵکی دەبەنە سەر سندوقی هەڵبژاردن."

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کەرکووک سێ پارێزگاری بۆ هەڵبژێردراوە. لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا، محەممەد سەمعان بە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ پارێزگار هەڵبژێردرا. پاش ئەوەی لە مانگی دە وە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەستنیشانکرا، ڕێبوار تەها بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوەبرد.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێلهاتوو لە 16 کورسی، حەوت کورسی بۆ کورد[ 5 یەکێتی و 2 پارتی) و شەش کورسی بۆ عەرەب و دوو کورسی بۆ تورکمان و یەک کورسی بۆ مەسیحییەکان.


XS
SM
MD
LG