حاتم ئۆغوڵاری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوا دەڵێت تورکیا بووەتە زبڵدانی ئەوروپا

تولای حاتم ئۆغوڵاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا وڵاتەکەی کردووەتە ناوەندی پاشماوە و زبڵدانی ئەوروپا.

حاتم ئۆغوڵاری لە شاری ئەنتاڵیا، کە میوانداری کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، COP31، دەکات، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا حاتم ئۆغوڵاری وتی کە بەشداربووانی COP31ـیش وەک ئاماژەیەک بۆ زبڵ وشەی چۆپ بەکاردەهێنن و لە بری ناوە فەرمییەکەی کۆنفرانسەکە و پێی دەڵێن ''ÇOP31'' .

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2025، بڕی 510 هەزار تەن پاشماوەی یەکێتی ئەوروپا و 140 هەزار تەن لە بەڕیتانیاوە هێنراونەتە ناو تورکیا و لە سەدا 60ـی ئەو پاشماوانە لە ناوچەی کوچوکدیکیلی شاری ئەدەنە فڕێدراون.

حاتم ئۆغوڵاری ئاماژەشی بەوەدا کە کەناراوەکانی تورکیا بە مایکرۆپلاستیک پیس دەکرێن.

لە درێژەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی تورکیا لە نێو 64 وڵاتدا لە پلەی 53ـیەمیندایە و لە کاتێکدا جیهان هەوڵ دەدات لە سوتەمەنییە بەردینییە زیانبەخشەکانی وەک نەوت و گاز و خەڵووز دووربکەوێتەوە، ئەنکەرە مزگێنی دۆزینەوەی نەوت لە چیای گابار بڵاودەکاتەوە.

لە بەرامبەردا تورکیا لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوادا پرسی بە کارەباییکردن دەخاتە پێشەوە و ئامانجییەتی کە بەشێکی زیاتری هۆکارەکانی گواستنەوە و پیشەسازی تورکیا کارەبا بەکاربهێنن. تورکیا ئامانجییەتی کە تا ساڵی 2035 رێژەی وزەی بەکارهاتوو لە سەرچاوە کارەباییتەکانەوە بۆ لە سەدا 35 بەرز بکاتەوە.

شارەزایانی گۆڕانی کەش و هەوادا لە جێرمان وۆچ و پەیمانگای نیو کڵایمەت دەڵێن هەوڵەکانی تورکیا بۆ بە کارەباییکردن هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە تا ئێستا هەوڵەکان وەک پێویست نەبوون بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سوتەمەنییە بەردینییەکان.


XS
SM
MD
LG