ڕاپۆرت: کۆچکردن بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو دابەزیووە

دیمەنێکی پەڕینەوەی کۆچبەران لە ئاوەکانی بەریتانیا.
دیمەنێکی پەڕینەوەی کۆچبەران لە ئاوەکانی بەریتانیا.

کۆچکردن بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە رێژەی 1.6% کەمیکردووە، ئەمە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە.

هەرچەندە ژمارەی کۆچبەران هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام 38 وڵاتە ئەندامەکەی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) لە ساڵی 2025ـدا تۆماری هاتنی شەش ملیۆن و 100 هەزار کۆچبەری هەمیشەیی نوێییان کردووە، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە ساڵی پێشتر شەش ملیۆن و 200 هەزار کۆچبەر بووە.

لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە بەرامبەر هاتنی کۆچبەرانی نایاساییدا سەریهەڵداوە، کە بەهۆی شەڕ و ململانێ، دەسەڵاتداریی تاکڕەوانە و دۆخی خراپی ئابووری لە وڵاتەکانی خۆیان هەڵهاتوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆچبەریی یاسایی بە هۆکاری مرۆیی ساڵی 2025 بەڕێژەی 26% دابەزیوە بەراورد بە ساڵی 2024، لە کاتێکدا کۆچکردن بۆ کارکردن بە ڕێژەی 13% بەرزبووەتەوە.

هەرچەندە بە تێكڕا کۆچکردن لە ساڵی 2025 دابەزیووە، بەڵام ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاتوون، بە بەراورد بە ساڵی 2019، ڕێژەی 12% بەرزبووەتەوە.

سێ وڵات لە ساڵی 2025ـدا هەڵکشانێکی بەرچاویان لە کۆچبەری هەمیشەیی تۆمارکردووە.

پورتوگال رێژەی 139% تۆمار کرد کە دەکات 313 هەزار و 600 کەس. ئەمەش لە ئەنجامی پەسەندکردنی ئەو کۆچبەرانە بوو کە مامەڵەکانیان بۆ وەرگرتنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دواکەوتبوو.

ئیسپانیاش ڕێژەی 25%ـی زیادبوونی بەخۆوە بینی و ژمارەیان گەیشتووەتە 460 هەزار و 500 کەس، بە تایبەتی دوای ئەوەی سیاسەتەکانی پەیوەست بە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی فراوانتر کرد.

ئیتاڵیا ڕێژەی 45%ـی زیادبوونی تۆمارکرد، کە دەکاتە 248 هەزار و 800 کەس، ئەمەش زۆربەی بەهۆی کۆچبەری خێزان و کارکردنەوە بووە.

وڵاتانی دیکە نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان لە ژمارەی کۆچبەری هەمیشەیی تۆمارکرد.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکان داکشانی بە ڕێژەی 14% تۆمار کراوە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا لە پێشەوەی وڵاتانی OECD دایە لە تۆماری ژمارەکاندا کە زیاد لە ملیۆنێک و 200 هەزار کۆچبەری هەمیشەیی لە ساڵی 2025ـدا هەبووە.

لە کەنەدا ڕێژەکە 19٪ کەمیکردووە، بۆ 393 هەزار و 800 کەس، و لە بەریتانیاش بەڕێژی 32٪ دابەزیووە بۆ 295 هەزار و 800 کەس.

XS
SM
MD
LG