واشنتن و مۆسکۆ لەسەر بەشداریکردنی ئەوروپا لە گفتوگۆکاندا ڕای جیاوازییان هەیە

دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە بە جیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کۆبوونەوە، نێردەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە هەردوو سەرۆکەکە ڕازی بوون بەوەی ڕێگە بە نێردەکانی ئەوروپا بدرێت بەشداری لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بکەن کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنانە بە جەنگی ئۆکراینا.

بەڵام ڕۆژی هەینی وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕایگەیاند، ڕووسیا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی ئەوروپا لە خولی دانوستانەکاندا نەداوە. پێسکۆڤ گوتی ڕووسیا تەنها کاتێک بڕیار لەسەر بەشداریکردنی ئەوروپا دەدات کە ئەوروپا ''ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ئاشتیدا '' نیشان بدات.

ئەم لێدوانانەی پێسکۆڤ دوای ئەوە هاتن کە نێردەی ئەمەریکا جێرید کوشنەر ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ''ئێستا هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی خولی داهاتووی دانوستانەکان بۆ ئەوەی هاوبەشە ئەوروپاییەکانیش لەخۆ بگرێت.''

هەروەها زێلێنسکی لە شاری دبلن، دوای کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە یەک کاتژمێریی لەگەڵ هەردوو نێردەی ئەمەریکا، جێرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە نوێنەرانی ئەوروپا لەمەودوا بەشێکدەبن لە تیمی دانوستانکار و ''دەنگییان دەبێت.''

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە یاریدەدەری کرێملن یوری یوشاکۆڤ ڕەتیکردەوە هیچ ڕێککەوتنێک کرابێت. کرێملن ماوەیەکی زۆرە پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی پلانی ئەوروپا بۆ جێگیرکردنی ''هێزێکی دڵنیایی'' لە ئۆکراینا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی جێی قبووڵکردن نییە. یوشاکۆڤ ئەو پلانەی بە ''نەخشەڕێگەیەک بۆ جەنگێکی بێ کۆتایی'' ناوبرد.

لە چەپەوە بۆ ڕاست: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ئۆرسولا فۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا لە شاری دبلن، پایتەختی ئیرلەندا، لە ڕۆژی پێنجشەممە.
لە چەپەوە بۆ ڕاست: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ئۆرسولا فۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا لە شاری دبلن، پایتەختی ئیرلەندا، لە ڕۆژی پێنجشەممە.

لای خۆیەوە کوشنەر جەختی کردەوە لەوەی پێویستە ئەوروپاییەکان لەسەر مێزی دانوستان بن و گوتی، ''بەبێ بوونی ئەوروپاییەکان لەسەر مێزەکە، ناتوانین ئەم ڕێککەوتنە بگەیەنینە ئەنجام.''

نێردەکان ئاماژە بە پێشکەوتن دەکەن

بەدەر لە ناڕوونییەکان دەربارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەوروپا، کوشنەر ئاماژەی بەوە دا کە لایەنەکان ''گفتوگۆی زۆر وردییان لەسەر هەموو تەوەرەکان ئەنجام داوە."

هاوکات یوری یوشاکۆڤی، یاریدەدەری پوتن، کۆبوونەوەکەی کرێملنی بە ''بونیادنەر، ڕاشکاوانە و بەسوود '' ناوبرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ڕووسیا ''تێبینی نوێ'' دەخاتە سەر ئەو پێشنیارانەی کە مۆسکۆ لە ساڵی 2021ـدا سەبارەت بە بوونی ناتۆ لە ئەوروپا خستبوویە ڕوو.

ئەوروپا تاوتوێی دیاریکردنی نێردەکەی دەکات

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی لە لووتکەکەیاندا لە دبلن گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کرد کە کێ بە ناوی ئەوروپاوە قسە بکات.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کایا کاڵاس گوتی، ''ئەگەر دەستبکەین بە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا سەبارەت بە پێکهاتەی ئاسایشی داوای دەکات، لە ڕاستیدا دەکەوینە ناو ئەو تەڵانەوە کە ڕووسیا بۆی ناوینەتەوە.''

هەروەها ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فرێدریک مێرز پێویستیی ئەنجامدانی گفتوگۆی لەو شێوەیەی ڕەتکردەوە و گوتی، ''ڕووسیا دەیەوێت باس لە پرسی پێکهاتەی ئاسایشی ئەوروپا بکات، ئێمە پێویستمان بە قسەکردن لەسەر ئەوە نیە، چونکە پێکهاتەیەکی ئاسایشی هەیە.''

سەرۆکوەزیری ئێرلەندا مایکڵ مارتنیش ڕایگەیاند پێویستە ئەم پرسە ''لە ماوەی یەک دوو هەفتەی داهاتوودا '' یەکلایی بکرێتەوە.

دانوستانەکانی ئەبوزەبی کە یەکەم کۆبوونەوەی سێقۆڵی بوو لە ماوەی نۆ مانگدا، ڕۆژی چوارشەممە بە ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان کۆتایی هات. کوشنەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی کە ئەمە دەبێتە ''گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیل لە ماوەی جەنگەکەدا، کە ئەگەری هەیە لە ڕێگەیەوە هەزاران کەس بە خێزانەکانییان شاد ببننەوە.''

ترامپ و خانمی یەکەم

سەرۆک ترامپ دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پێشبینی ''ڕێککەوتنێکی گەورە و نایاب''ـی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە کرد، نێردەکانی ڕەوانەی ئەم هەوڵە نوێیە کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کرێملن، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا، پوتن سوپاسی خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپی کردووە بۆ ڕۆڵی لە ئاگربەستەکەی مانگی ڕابردووی شاری ئۆلێشکیدا. هەروەها پێشنیاری پڕۆسەیەکی هاوشێوەی چۆڵکردنی بۆ شاری کۆستانتینیڤکا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە.

هێرشەکان بەردەوامن

لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نەبوو و هەردوولا هێرشەکانییان بەردەوام بوون.

بەپێی وتەی سەرۆکی هەرێمی زاپۆریژای ئۆکراینا، هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری زاپۆریژا لە ڕۆژی هەینی بوونەتە هۆی کوژرانی پیاوێک لە ناوچەیەکی پیشەسازی و زیانگەیاندن بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی پێنج نهۆمی، کە بەهۆیەوە 30 کەس برینداربوون و شەش منداڵیشییان تێدایە.

جێگری یەکەمی وەزیری وزەی ئۆکراینا ئارتیم نێکراسۆڤ ڕایگەیاند کە دوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە، نزیکەی نیوەی ناوچەکانی ئۆکراینا بەشێک لە کارەبایان بڕاوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە لە شەودا هەزار و 198 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.

هەروەها بەرپرسانی ناوخۆیی لە سێ ناوچەی ڕووسیا کوژرانی 7 کەسیان ڕاگەیاند، کە یەکێکییان منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانە. خوێناویترین هێرش ناوچەیەکی پیشەسازی ڤۆلگۆگرادی کردووەتە ئامانج و بەپێی وتەی پارێزگاری ناوچەکە، ئاندرێی بۆچارۆڤ، چوار کەس گیانییان لە دەستداوە. ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرایناش ڕایگەیاند کە هێزەکانییان پاڵاوگەی نەوتی لوکئۆیڵییان لەو شارەدا کردووەتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG