قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ هەینی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بە دوو ئیدارەیی ناوبرد و جەختی کردەوە لەوەی دەبێت "گۆمەکە بشڵەقێندرێت" بۆ ئەوەی یەکڕیزییەک لە خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت کە جێگەی "یەکڕیزییەکی درۆ" بگرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە هەفتەی ڕابردووەوە پابەندبوونی خۆی و وەزیرەکانی یەکێتی بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەیان، بافڵ تاڵەبانی دەربڕیوە بە کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کارەکانیان لە سنوری دەستەڵاتی یەکێتی.
قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دووەم ڕۆژی دیداری فەڕمی ستراتیژیی سلێمانی وتی، ''ئایا ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەى پەرلەمان، هەرێمى کوردستان یەک ئیدارەبووە؟ لەیەک ئیدارە بازگە هەیە لەناوجەرگەى ئیدارەکەدا؟ هەرێمى کوردستان دوو ئیدارە بووە، ویستومانە باوەڕ بەخۆمان بهێنین کە یەک ئیدارەییە."
سەبارەت بە مەترسی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان، تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە حزبەکەی هەوڵ بۆ "شۆڕکردنەوەی دەستەڵات" دەدات، بەڵام ئەوە بە واتای دابەشکاری هەرێم نایەت.
وتیشی، "گەورەترین ململانێمان لەگەڵ بەغدا لەسەر شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتە بەڵام لێرە دەسەڵاتێکى ناوەندیی توندمان هەیە و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەناڵێنن بەدەىست کۆکردنەوەى دەسەڵات لە دەستى چەند کەسێک لە حکومەت."
لەسەر لێدوانەکەی نێردەی سەرۆک ترامپ، تۆم باراک، تاڵەبانی گوتی "هاوڕای تۆم باراکم لەوەی کە گوتی 'بەسە ئیتر'."
تۆم باراک ڕۆژی چوارشەممە لە لەندەن وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیی دایەوە سەبارەت بە قەیرانەکەی هەرێم، تێیدا داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کۆتایی بە ناکۆکییە "بنەماڵەیی" و "خێڵەکییەکان" بهێنن و جەختی کردووەتەوە کە هەڵوێستی واشنتن پشتیوانیکردنە لە یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان.
دوێنێش سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم، دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی کارەکانی، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی یاسایی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بووە و نەک دژایەتی لایەنێکی سیاسی.
بارزانی هەروەها ستایشی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی کرد کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو کرد و گوتی، "لێرەدا دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشداریان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد."
ئەمە لە کاتێکدایە یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی دان بە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لە ڕۆژی 4ـی یازدەی 2026 نانێت و لەگەڵ نەوەی نوێ سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کردووە.
سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، دوو ڕۆژە بە یاوەری شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغدایە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ئەوێ ئەنجام داوە.
هەروەها وتەبێژی یەکێتی، كاروان گەزنەیی، ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند یەكێتی "لە خیانەت خۆشنابێت،" وەک ئاماژەیەک بە جوڵەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ یەکێتی.
وتەبێژی یەکێتی هەروەها ئاماژەی دا بەوەی "بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵک،" حزبەکەی دەست بۆ مەلەفەكانی كارەبا و نەوت و غاز دەبات. کاروان گەزنەیی ڕوونکردنەوەی زیاتری نەدا لەسەر ئەمە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی بەرهەمهێنانی گازیان لە ئیدارەی چەمچەماڵ هێناوەتە بەرباس، کە پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری 'ڕووناکی' پێوە بەستراوە و کابینەکەی مەسرور بارزانی ئەو پرۆژەیە بە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی خۆی دادەنێت. یەکێتی هەروەها دەڵێت دەستکاری نرخی کارەبا لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا دەکات.
قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆیدا هەروەها گوتی هەبوونی ناکۆکییەکان لە نێوان یەکێتی و پارتی "سرووشتییە،" بەڵام ئەوەی ناسرووشتییە ئەوەیە کە ''نەمانتوانیوە چوارچێوەیەک بۆ ناکۆکییەکانمان دابنێین.''
لە درێژەی قسەکردنیدا گوتیشی، "کێشەی کوردستان ئەوەیە کە 'سیستەمەکە بەستراوەتەوە بە کەسەکان؛ ئەگەر پەیوەندیی نێوان کەسەکان باش بێت، ئیدارەکە بەڕێوە دەچێت. بەڵام کاتێک دوو کەس پەیوەندییان خراپ دەبێت، ئیتر کار دەکاتە سەر حکومەت.'' ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕابردووشدا تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت یان لەگەڵ سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی بووەتە هۆی ئەوەی بڕیارەکان لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم ڕابگیرێن.
ڕۆژی دووشەممە مەسعود بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن." بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامدا گوتی ئەم لێدوانانە ''زیاتر بۆ ڕاگەیاندنن و بیانوێکن بۆ هەنگاوی دواتری پارتی دیموکراتی کوردستان.''