عێراق دەروازەی سنووری مەندەلی لەگەڵ ئێران دادەخات

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە عێراق دەروازەی سنووریی مەندەلی-سوماری لە دیالە لەگەڵ ئێران داخستووە.

تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی سنوورەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام عێراق دەڵێت داختنەکە کاتییە و بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی دەروازەکەیە.

دوێنێ میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی گواستنەوەی ڕێگاوبانەکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە لە ڕۆژی هەینیەوە سنوورەکە دادەخرێت.

عێراق پێشتر سنووری شیبی لە پارێزگای میسان لەگەڵ ئێران داخست، بەڵام دوای ناڕەزایەتی ملیشیاکانی سەر بە ئێران و دوای نزیکەی سێ هەفتە، ئەو سنورە کرایەوە.

دەستەی بەڕێوبەرایەتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کردنەوەی دەروازەی شیبی لە کاتژمێر 8ـی بەیانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕاگەیاند. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، کردنەوەی ئەم دەروازەیە دوای تەواوکردنی سەرجەم پێویستییە تەکنیکییەکان و کارە پێویستەکان دێت بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن، بە شێوەیەک کە بارودۆخێکی گونجاو بۆ ئاسانکاریی هاوتوچۆی هاوڵاتیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دابین بکات.

دەستەکە ڕۆژی 10ـی مانگ ئاماژەی بەوە دا کە دەروازەی سنووریی مەندەلی ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.

سەبارەت بە هۆکاری داخستنی دەروازەی مەندەلی، دەستەی سنوورەکانی عێراق وتی بڕیارەکە "بۆ تەواوکردنی پێویستییە تەکنیکییەکان، کارەکانی ئامادەکاریی، نۆژەنکردنەوە و چاکسازی" دراوە. هەروەها وتیشی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بارانبارین و ئەگەر و مەترسییەکانی کەش و هەوا، کە دەتوانن کاریگەریی نەرێنی بکەنە سەر هاتوچۆی گەشتیاران، ئوتومبێلە بارهەڵگرەکان و کاری گشتی دەروازەکە، لە نێو هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارەدا بوون.

ئەمە لە کاتێدایە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە 8ـی ئەم مانگە بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای لە بەغدا کردووە هەموو دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازەی سنووری، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی واشنتن بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران.

یەکێک لەو دوو دەروازەیەی ڕێگە دراوە بکرێتەوە، دەکەوێتە هەرێمی کوردستان.

داخستنی دەروازەی سنووری مەندەلی لەلایەن حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی نووسیویەتی، هەوڵەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ سنوردارکردنی بازرگانی ئێران بە ڕێگەی وشکانی دژایەتی هەندێک وڵاتی دراوسێ بەتایبەت عێراق و تورکیا و پاکستانی لێ کەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG