بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕایگەیاند ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕووی دا "گەورەترین قەیرانی سیاسییە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا" و جەختی کردەوە کە یەکێتی دان بە پەرلەمان و هیچ بڕیارێکی ئەو پرۆسەیەدا نانێت.
بافڵ تاڵەبانی، ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی یازدەی 2026، لە چوارچێوەی فۆڕمی ستراتیژیی سلێمانی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس هادلی گامبڵ، ڕەخنەی توندی لە "کەمینەیەکی" ناو پارتی دیموکراتی کوردستان گرت و جەختی کردەوە لەوەی حزبەکەی دان بە دانیشتنی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم نانێت.
سەرۆکی یەکێتی گوتی، "ئەمە لە هەر وڵاتێکی تردا ڕووی دابا، خەڵک دەچووە زیندانەوە...ئەمەی ڕووی دا گەورەترین شەرمەزاریی سیاسییە کە بیرم بێت. ئەمەی ڕووی داوە گەورەترین قەیرانی سیاسییە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا و بەڵێن دەدەم بێ سزا تێپەڕ نابێت."
قەیرانی نێوان یەکێتی و پارتی دوای ئەوە قووڵتر بووەوە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە نەبەستنی کۆبوونەوە، بە هەوڵی پارتی و بەشداریی 52 پەرلەمانتار لە کۆی 100 ئەندام کۆبووەوە، و تێیدا ڤالا فەرید لە پارتی وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە یەکێتی و نەوەی نوێ و چەند فراکسیۆنێکی دیکە کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کرد.
یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی تا ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکانی حکومەت کردبوو، بەڵام پارتی توانی کۆبوونەوەکە بە بەشداریی ژمارەی پێویست بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی ئەنجام بدات، هەرچەندە یەکێتی و نەوەی نوێ دەڵێن کۆبوونەوەکە نایاسایی بوو چونکە بەتەمەنترین پەرلەمانتار، کە لە نەوەی نوێیە، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی نەکردووە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە سەبارەت بە هەڵوێستییان لەسەر لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی. تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکایەتی دانیشتنێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە وەزیرانی یەکێتی تێیدا ئامادە نەبوون. لە بڵاوکراوەیەکی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاوکارانمان لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن."
بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانەکانی ئەمڕۆیدا باسی لە پرسی دابەشبوونی هەرێم کرد و گوتی "لە ڕاستیدا هەرێم ئێستا دوو ئیدارەی هەیە، بەڵام قسەکردن لەسەر دوو حکومەتی جیاواز پەلەکردنە."
ڕاشیگەیاند، "هەوڵم داوە بە ڕوونی بە پارتی بڵێم هەر هەنگاوێک بۆ توندکردنەوەی دۆخەکە، بە هەنگاوێکی هاوشێوە و بە پلانی پێشوەختە وەڵام دەدرێتەوە. ئەمە لە لای منەوە واتە دەرگاکە کراوەیە بۆ ئەوەی واز لە توندکردنەوەی دۆخەکە بهێنین و دەست بە گفتوگۆ بکەین."
بەڵام تاڵەبانی ڕەتی کردەوە کە ناکۆکییە سیاسییەکان بە توندوتیژی چارەسەر بکرێن.
لەبارەی ڕۆڵی ئەمەریکاوە، تاڵەبانی گوتی هەموو ئەوەی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیانەوێت، تێگەیشتنە لەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و چاوەڕوانییان بۆ ئەوەی دەستەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لەناوخۆدا کێشەکە چارەسەر بکەن.
ئەم قسانە دوای ئەوە دێن کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوێنێ کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە "خێزانیی" و "خێڵەکی" و "بێزارکەت" ناوبرد، کە بووەتە هۆی کێشە بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و نێودەوڵەتییەکان. داوای کرد بەرپرسانی هەرێم ئەم کێشەیە لەناوخۆدا چارەسەر بکەن و گوتی ئەمە بڕیارێکی عێراقییە نەک ئەمەریکایی.
بەڵام سەرۆکی یەکێتی وتی ناکۆکییەکە ململانێیەکی بنەماڵەیی لە نێوان تاڵەبانی و بارزانی نییە، بەڵکو ناکۆکییەکی درێژخایەنی نێوان دوو هێزی سیاسیی هەرێمە.
تاڵەبانی هەروەها گوتی بەغدا هەوڵی داوە ڕۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا بگێڕێت، بەڵام ئەو هەوڵانە لەلایەن ئەو بەشەی پارتییەوە کە ناوی نا "کەمینەیەک،" ڕەت کراونەتەوە.
سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم لە ماوەی شەڕی ئێران گرت و گوتی لە تەواوی ماوەی ململانێکەدا تەنانەت یەک کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش نەبەستراوە.
ئەو گوتی نۆ جار داوای کۆبوونەوەیان کردووە، تەنانەت بۆ ئەوەی وێنەیەکی هاوبەش بگرن و نیشانی خەڵکی بدەن کە حکومەت پشتگیریی هاووڵاتیان دەکات، بەڵام ئەوەش نەکراوە.
تاڵەبانی "کەمینەیەکی ناو پارتی" بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پرسە چارەنوسسازەکان تاکلایەنانە بڕیار دەدەن و وتی، "هەرکاتێک بڕیارێکی ستراتیژی لەبەردەمدایە، ئەوان ڕێگای هەڵە دەگرن." سەرۆکی یەکێتی ڕیفراندۆمی 2017ـی بە نمونە هێنایەوە؛ هەروەها پارتی بەوە تۆمەتبار کرد، گوایە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئیران، هانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی داوە بۆ شەڕ و چوونە ناو خاکی ئێران. هەروەها وتی ئەو لایەنە ئامادەنەبووە لە کاتی قەیرانی وزەی جیهانییدا بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، "هەتا بەزۆر پێیان کردەوە."
لەبارەی شەڕی ناوچەکەشەوە، تاڵەبانی گوتی تێچووی دارایی شەڕ ئێستا لە دەستکەوتە سەربازییەکانی زیاتر بووە و هیوادارە سەرۆک ترامپ بگاتە ئەو ئەنجامەی کە فشارە ئابوورییەکان و گفتوگۆ، لە دەستپێکردنەوەی شەڕ کاریگەرترن.
تاڵەبانی لە کۆتاییدا داوای لە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێگە نەدەن ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوویداوە ببێتە نەریتێکی نوێ، چونکە بە بۆچوونی ئەو، ئەمە دەتوانێت هەرێم چەندین دەیە بگەڕێنێتەوە دواوە و مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و توندوتیژی زیاد دەکات.