نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرواێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP 31) لە ئەنتاڵیای تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران، لەم دیدارەدا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە پرس و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و جەختیان لە گرنگی دیپلۆماسی و وتووێژی بنیاتنەر و هاوکاریی فرەلایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان کردووەتەوە.
دوای ئەم دیدارە، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا سەبارەت بە وردەکاریی وتووێژەکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران نووسیویەتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس دیدارەکەی پشتڕاستکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنتاڵیا، دیدارێکی بنیاتنەرم لەگەڵ بەڕێز مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێران ئەنجامدا، لەم دیدارەدا بیروڕای خۆمان لەبارەی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد."
وتیشی "ئێمە جەختمان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە و ڕامانگەیاند کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و هاوکاری باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام."
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پزشکیان دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەواڵ لەسەر ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی پەیامەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی ترامپ و کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکرابووەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەمەریکایی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا لە 16ی مانگی هەشتی ئەمساڵ ئاشکرایکرد کە بەرێوبەرایەتی ترامپ لە کاتی هەوڵەکانیدا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، داوای لە بارزانی کردووە وەک کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران یارمەتیدەر بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، توڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەوکاتی ئەمەریکا، بە ڕەزامەندی دۆناڵد ترامپ و جەی دی ڤانس داوای لە بارزانی کردووە پەیامی واشنتن بە لایەنی ئێرانی بگەیەنێت و وەڵامی لایەنی ئێرانی بۆ حکوومەتی ئەمەریکای هێناوەتەوە.
ئەکسیۆس هەروەها نووسیبووی کە واشنتن پێشنیاری کردووە دانوستانی نهێنی لە نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و ئێران لە هەولێر ئەنجام بدرێت؛ بەڵام دانوستانەکان بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ئەنجام نەدرابوو.
بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکایی لەم بارەیەوە هیچیان نەوتووە.