سەرچاوەیەک: قەیس خەزعەلی ڕۆڵی سەرەکی لە دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوک دەگێڕێت

کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بەڕێوە بچێت، بۆ سبەی پێنجشەممە دواخرا. ئەندامێکی ئەم ئەنجومەنەش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت سەرکردەی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق بەرپرسیارە لە دواخستنەکە.

ڕەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هەندێک ناکۆکی" لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ سەریان هەڵداوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی بەرەی تورکمانی بڕیاری دا قەحتان وەنداوی وەک پاڵێوراوی خۆی پێشکەش بکات.

ڕەعد ساڵح ئاماژەی دا بە ڕۆڵی قەیس خەزعەلی، سەرکردەی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە بەربەستدروستکردن لەبەردەم هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ و گوتی، "ئەو بووەتە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی چوارشەممە."

بە گوێرەی سەرچاوەکان بۆ دەنگی ئەمەریکا، قەیس خەزعەلی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر ڕێگەکانی پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک کرد.

ڕەعد ساڵح ڕوونی کردەوە کە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسیدا ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پۆستی پارێزگار بە نۆرە لە نێوان پێکهاتەکانی عەرەب، کورد و تورکماندا دەگۆڕدرێت.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، نۆرەی تورکمانەکان دەبێت لە 31ـی دوازدەی 2026 کۆتایی پێ بێت، واتە پارێزگاری نوێ تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و دواتر عەرەبەکان پارێزگاری خۆیان دیاری دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدوڵا میروەیس، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، حیزبەکەی هیچ بەربەستێکی لەبەردەم هەڵبژاردنی پارێزگارێک لە پێکهاتەی تورکمان دانەناوە.

میروەیس ڕوونی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنە سیاسییەکە، ماوەی ئەم خولە بۆ پێکهاتەی تورکمان تەرخان کراوە و یەکێتی چاوەڕوانی ئەوە بووە تورکمانەکان پاڵێوراوێک دیاری بکەن، تاکو دەنگی پێ بدەن.

ئەو گوتی, "ئێمە باوەڕمان بە هاوبەشیی ڕاستەقینەی کەرکووک هەیە و لە لای ئێمەوە کەرکووک هی هەموو پێکهاتەکانە."

میروەیس هەروەها گوتی، حزبەکەی ئامادەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی پێنجشەممە یان هەینی دەنگ بەو پاڵێوراوە بدات کە تورکمانەکان هەڵیدەبژێرن.

شایانی باسە، لە ساڵی 2025ـدا ڕێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، پۆستی پارێزگاریی ڕادەستی نوێنەری تورکمانەکان کرد و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک محەمەد سەمعان ئاغای وەک پارێزگار هەڵبژارد. بەڵام لە 15ـی مانگی دەی ئەمساڵ، محەمەد سەمعان ئاغا پۆستی پارێزگاری جێهێشت، دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق وەک وەزیری دەوڵەت هەڵبژێردرا و سوێندی دەستووری خوارد.

XS
SM
MD
LG