ئایزنکۆت دەست بە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئیسڕائیل دەکات

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، و گادی ئایزنکۆت، ئەندامی پەرلەمان، دوای ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)، ڕۆژی سێشەممە، 10ێ یازدەی 2026، لە ئۆرشەلیم بۆ وێنەیەکی گرووپی ڕاوەستاون.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، و گادی ئایزنکۆت، ئەندامی پەرلەمان، دوای ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)، ڕۆژی سێشەممە، 10ێ یازدەی 2026، لە ئۆرشەلیم بۆ وێنەیەکی گرووپی ڕاوەستاون.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی ناوەندڕەوی 'یاشار'، دوای ئەوەی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی ئیسرائیلەوە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کردووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ دامەزراندنی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل.

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە کە ئایزنکۆت ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاڤیگدۆر لیبەرمانی سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی ئیسڕائیل ،یسڕائیل بەیتەنوو، ئەنجام داوە، کە ناوبراو پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئایزنکۆت دەربڕیوە بە ئامانجی دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیر بنیامین نەتانیاهو لە دەسەڵات.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ نۆ ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکەی 27ـی دەی 2026ـی ئیسڕائیل، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پشتیوانی خۆی بۆ نەتانیاهو ڕاگەیاندبوو و نووسیبووی، ''هەر کەسێکی دیکە جگە لە نەتانیاهو '' بە ڕابەرێکی هەڵە دەزانێت بۆ یارمەتیدانی لە تەواوکردنی ئەو هێرشەی کە لە مانگی دوودا لەگەڵ سەرۆکوەزیری ئیسڕائیلدا دەستیپکردبوو بۆ لە ناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە دا کە چاودێریی '' ڕکابەرییەکەی '' نێوان ئایزنکۆت و نەتانیاهو دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتووی ئیسڕائیل و هەردوو ڕکابەرەکەی بەوە وەسف کردن کە دیدگای سیاسیی '' لێکچوویان'' هەیە و هەردووکیان بە لایەنگری '' بەهێز ''ـی سەرۆکایەتییەکەی خۆی ناوبرد.

ئاڵنگارییەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی و کورسییەکان

پارتەکەی ئایزنکۆت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا ئایزنکۆت و لیبەرمان ''متمانەی تەواویی خۆیان بە توانای خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر بۆ خولێکی چوار ساڵە دەربڕیوە.'' سەرەڕای ئەوەش، بەیاننامەکە ڕوونی نەکردووەتەوە کە چۆن ئەم دوو کەسە دەتوانن هاوپەیمانییەک لەگەڵ زۆرینەی لانیکەم 61 کورسی لە کۆی 120 کورسی پەرلەمانی ئیسڕائیل پێکبهێنن. پارتەکانییان و لایەنە ناوەند و چەپڕەوەکانی دیکەی جوو کە داوای گۆڕینی سەرۆکوەزیر دەکەن، لە هەڵبژاردنەکەدا تەنها 48 کورسییان بە دەستهێناوە کە ئەوەش لە خوار زۆرینەی پێویستەوەیە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ لە مەراسیمێکدا متمانەی بە ئایزنکۆت بەخشی تاوەکو هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بدات، هەروەها ڕایگەیاند کە پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردەی سەرجەم پارتە هەڵبژێردراوەکاندا، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئایزنکۆت گونجاوترین کەسە بۆ ئەم ئەرکە. ئایزنکۆت تەنیا پشتیوانی پارتە جووەکانی دژ بە نەتانیاهوی دەستەبەر نەکردووە کە خاوەنی 48 کورسین، بەڵکو پشتیوانی دوو فراکسیۆنی عەرەبی بە دەستهێناوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا 19 کورسییان بە دەستهێناوە، بەمەش کۆی گشتی پشتیوانییەکانی گەیاندە 67 کورسی.

جێی ئاماژەیە، فراکسیۆنی عەرەبی لە پەرلەمانی ئیسڕائیلدا بە دەگمەن بەشداریی لە حکومەتە هاوپەیمانییەکانی ئیسڕائیلدا کردووە بەهۆی جیاوازیی قووڵ لەسەر ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیانی عەرەبی ئیسڕائیل و شەڕی ئیسڕائیل دژی گروپە توندڕەوە عەرەبییەکان، بەڵام ئەمجارە هۆکاری پشتیوانیکردنییان بۆ ئایزنکۆت گەڕاندووەتەوە بۆ خواستییان بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی نەتانیاهو.

ماوەی دەستووریی و هەڵوێستی نەتانیاهو

ئایزنکۆت چوار هەفتەی لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بۆ دوو هەفتەی دیکەش لە سەرۆکی وڵات بکات. ئەگەر ئایزنکۆت سەرکەوتوو نەبێت، سەرۆک دەتوانێت ڕاسپاردەکە بداتە سەرکردەیەکی دیکەی پارتەکان بۆ ماوەی چوار هەفتەی دیکە. لە ئەگەری شکستهێنانی دووەمیشدا، پەرلەمانی ئیسڕائیل سێ هەفتەی لە بەردەمدا دەبێت بۆ هەڵبژاردنی یاسادانەرێک بە زۆرینەی دەنگ بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتوو، ئەگەرنا ئیسڕائیل ناچار دەبێت بچێتە هەڵبژاردنێکی دیکە و نەتانیاهوش لە پۆستی سەرۆکوەزیری کاربەڕێکەردا دەمێنێتەوە.

ئایزنکۆت لە وتارەکەیدا لە کاتی وەرگرتنی ڕاسپاردەکەدا گوتی ''من سەرکردایەتی پێکهێنانی حکومەتی بەپەلەی نیشتیمانی دەکەم. پێویست بە هەنگاوی سیاسیی داهێنەرانە و ناوازە دەکات. ئیسڕائیل کاتی بەفیڕۆدانی نییە و کاتی ئەوەی نییە بەردەوام هەڵبژاردن دووبارە بکاتەوە.''

ئایزنکۆت سەبارەت بەو بەربەستانەی کە لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانەکە بە جۆرێکە کە هیچ لایەنێک ناتوانێت سەرجەم ئەو بەڵێنانەی کە لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا داوییانە، جێبەجێیان بکات. گوتیشی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، سەرجەم لایەنەکان ناچار دەبن مل بدەن بۆ سازشکردنی هاوبەش.

لە بەرامبەردا، نەتانیاهو ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند کە ئەو ئامادەیە بۆ پێکهێنانی ''حکومەتی یەکگرتوو'' بەڵام تەنها لە ژێر سەرۆکایەتی خۆیدا. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دەیەوێت پارتەکەی 'لیکۆد' سەرکردایەتی حکومەتی داهاتوو بکات، چونکە لە هەڵبژاردنەکاندا بە 27 کورسی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دەرچووە، کە شەش کورسی لە پارتی یەشار زیاترە.

هەروەها نەتانیاهو گوتی حکومەتێکی ''یەکگرتوو ''ـی پێشبینیکراوی ئەو دەبێت سەرجەم ئەو پارتانە لە خۆبگرێت کە لە هاوپەیمانییەکەی پێشوویدا هەبوون، کە پارتە توندڕە و ئۆرسۆدۆکسەکانیش دەگرێتەوە، کە بە هەموویان 53 کورسییان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، کە زیاترە لە هاوپەیمانییەکەی ئایزنکۆت بەڵام هێشتا ناگاتە زۆرینە.

XS
SM
MD
LG