دەستەڵاتدارانی عێراق ڕۆژی سێشەممە کردنەوەی دەروازەی سنووریی شیبیان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند. داخستنی دەروازەکە ناڕەزایی توندی گرووپەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێرانی لێکەوتبووەوە.
دەستەی بەڕێوبەرایەتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کردنەوەی دەروازەکەی لە کاتژمێر 8ـی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاند. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، کردنەوەی ئەم دەروازەیە دوای تەواوکردنی سەرجەم پێویستییە تەکنیکییەکان و کارە پێویستەکان دێت بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن، بە شێوەیەک کە بارودۆخێکی گونجاو بۆ ئاسانکاریی هاوتوچۆی هاوڵاتیان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دابین بکات.
لەلایەکی دیکەوە دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەروازەی سنووریی مەندەلی ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
سەبارەت بە هۆکاری داخستنی دەروازەی مەندەلی، دەستەی سنوورەکان ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکە "بۆ تەواوکردنی پێویستییە تەکنیکییەکان، کارەکانی ئامادەکاریی، نۆژەنکردنەوە و چاکسازی" دراوە. هەروەها وتیشی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بارانبارین و ئەگەر و مەترسییەکانی کەش و هەوا کە دەتوانن کاریگەریی نەرێنی بکەنە سەر هاتوچۆی گەشتیاران، ئوتومبێلە بارهەڵگرەکان و کاری گشتی دەروازەکە، لە نێو هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارەدا بوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەم گۆڕانکارییانە دوای لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن دێن، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە بە مەبەستی زیاتر فشارخستنە سەر ئێران سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دابخات، بە مەرجێک تەنیا دوو دەروازە لەم بڕیارە دەربکرێن و بە کراوەیی بمێننەوە.