ئەردۆغان: پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" تا گەیشتن بە ئامانجەکان بەردەوام دەبێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" تا گەیشتن بە ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت.

ئەردۆغان لە وتارێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی گوتی ئامانجی سەرەکی پرۆسەکە ئەوەیە کە پەکەکە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی بە هەموو لایەنەکانییەوە تەواو بکات، هەموو چەکەکانی ڕادەست بکات و ئەمەش بە شێوەیەکی گومانهەڵنەگر لەلایەن دامەزراوە پەیوەستەکانی حکومەتی تورکیاوە پشتڕاست دەکرێتەوە.

ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا، بەپێی پلانێکی دیاریکراو، کار لەسەر چۆڵکردنی شوێنە نهێنی و پەناگەکانی پەکەکە دەکەن.

سەرۆکی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوام دەبێت و بەبێ پچڕان جێبەجێ دەکرێت.

ئەردۆغان گوتی، "پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر، کە ئێمە وەک پرۆژەیەکی دەوڵەتی بەڕێوەی دەبەین، لەسەر بنەمای دڵنیابوون لە ژیانێکی سەلامەت بۆ هاووڵاتیانمان، بەهێزکردنی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوانمان و زیادکردنی متمانەمان بە داهاتووی هاوبەش دامەزراوە."

ئەردۆغان وتیشی، "بە ویستی خودا و بە یارمەتیی هەوڵەکانی ئێوە، ئەم کێشەیە کە ماوەی 40 ساڵە بووەتە بارگرانییەکی قورس بەسەر تورکیاوە و نزیکەی 2.3 تریلیۆن دۆلاری لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ئێمە بەفیڕۆ داوە، بۆ هەتاهەتایە بە تەواوی لە کارنامەمان لادەبەین."

سەرۆکی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند کە حکومەت هیچ هەنگاوێک لە ئامانجەکانی پاشەکشە ناکات و ئەم پرۆسەیە تا بەدەستهێنانی تەواوی ئەنجامە دیاریکراوەکان بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG