Accessibility links

گادی ئایزنکۆت ڕکابەری نەتانیاهو ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسرائیلی پێسپێردرا

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی لەگەڵ گادی ئایزنکۆت، کاندیدی پێکهێنانی حکومەت، کۆبووەوە و ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی سپاردە ئەستۆی.

گادی ئایزنکۆت لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرەکانی جەنگ هێشتا کراوەن و هێشتا ئامانجەکانی جەنگ نەهاتوونەتە دی. ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە، وتی وڵاتەکە کاتی بۆ بەفیڕۆدان نییە و پێویستە لە زووترین کاتدا حکومەتێکی بەپەلەی نیشتمانی پێکبهێنرێت.

ئایزنکۆت کە ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی لە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل وەرگرتووە، ڕایگەیاند کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەپەلەی نیشتمانی دەکات و بەم زووانە بانگهێشتی سەرجەم لایەنە ئامادەبووەکانی پەرلەمان دەکات بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا.

ئایزنکۆت هەروەها مەرجەکانی بەشداریکردنی لایەنەکانی لە حکومەتی بەپەلەی نیشتمانیدا خستەڕوو و وتی کە قبوڵکردنی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوو و دیموکرات و پابەند بە بەهاکانی جاڕنامەی سەربەخۆیی لە بنەما سەرەکییەکانی بەشداریکردن لەم حکومەتەدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد خزمەتی سەربازی و خزمەتی مەدەنی نیشتیمانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان مەرجێکی ترە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی بەپەلەی نیشتمانیدا.

ئایزنکۆت ڕایشیگەیاندووە دانپێدانانی حەماس وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" و پابەندبوون بە لەناوبردنی توانای حوکمڕانی گرووپەکە مەرجی دیکەن بۆ ئەوەی لایەنەکان بچنە ناو حکومەتی داهاتووەوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی شەڕ و نەگەیشتن بە ئامانجەکانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ناتوانێت کاتی زیاتر بۆ ناکۆکی سیاسی و هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان بەسەر ببات و پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی حکومەتێکی بەپەلەی نیشتمانی پێکبهێنرێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG