ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە 8ی مانگی یازدە جەختی لەوە کردەوە کە نابێت دابەشبوونە ناوخۆییەکان لە بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییەکان، یەکێتی و یەکبونی وڵاتەکە تێکبدات و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران هێشتا تەواو نەبووە.
کاتز لە مەراسیمێکدا لە ئۆرشەلیم وتی "دوژمنەکانمان دەبێت بزانن کە تەنانەت کاتێک ناکۆکی ناوخۆییمان هەیە، ئێمە بە ئیرادە و یەکگرتووییەوە دژی ئەو کەسانە وەستاوین کە هەڕەشە لە بوونمان دەکەن."
ناوبراو داوای ئامادەیی ئیسرائیلی بەرامبەر بە سیناریۆی جۆراوجۆر کرد و گوتی ئێران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەستپێدەکاتەوە و هاوکات لە هەمانکاتدا هەنگاوی جددی دیکە دەگرێتەبەر کە ئیسرائیل دەخاتە مەترسی ڕاستەقینەوە.
کاتز وتیشی "دەبێت یەکگرتووبین لە بەرامبەر ئەو ئەرکە گەورانەی کە هێشتا لە پێشمانن؛ ئێستا کاتی یەکێتی و بەرپرسیارێتی و هاودەنگییە."
وتیشی "بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە گەورەکان پێویستمان بە هێزی تەواوی ئیسرائیل و خۆڕاگری تەواوی خەڵک دەبێت."
کاتز هۆشداری دا کە ئەگەر حزبوڵا بەشداری شەڕی ئێران بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ئەوا ئەو گرووپە ڕووبەڕووی گورزی توند دەبێتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە غەززە و لوبنان و سوریا ناکشێتەوە کە وەک "ناوچەی ئەمنی" دیاری کردوون.