Accessibility links

ئێران سێ گەنجی دیکەی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل لەسێدارە دا

دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەکشەممە 8ی مانگی یازدە ڕایگەیاند سێ دەستبەسەرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای مانگی یەکی لە شاری کەرەج لەسێدارە داوە.

میزان کە ئاژانسی هەواڵیی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، بڵاویکردووەتەوە حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە بە تۆمەتی سیخوڕی و بەشداریکردن لە چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا لە دژی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەمڕۆش سزاکەیان جێبەجێکراوە.

هەواڵەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو سێ کەسە لە ناڕەزایەتییەکانی 8 و 9ی مانگی یەکی ئەمساڵ، چالاکی چەکدارانەیان هەبووە و تۆمەتی وێرانکردنی موڵک و ماڵی خستووەتە پاڵیان.

بەڵام دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دۆسیەیەدا وەک دۆسیەکانی دیکەی زیندانیانی سیاسی، هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو و بە وتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دادگاکانی پێوەندیدار بەو دۆسیانە و ئەو سزانەی تێیدا دەرکراون، جێی متمانە نین.

ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ لە بازاڕی تاران لە کاردانەوە بە بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری نرخی دۆلاری ئەمەریکا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فراوانتر بوو بۆ ناڕەزایەتی لە دژی هەموو دامودەزگاکانی حکومەت و پایەکانی ڕژیم.

دوای دوو هەفتە لە هەوڵە شکستخواردووەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕڵکردنی ئەم ناڕەزایەتیانە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران پەنایان بردە بەر توندوتیژییەکی توند و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانیان لە سەرانسەری شارە جیاوازەکاندا کوشت.

بەرزبوونەوەی ئاماری سزای لەسێدارەدان لە ئێران- بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا- نیگەرانی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتە جۆراوجۆرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاران لە ڕێگەی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان، هەوڵی چاندن و بڵاوکردنەوەی ترس دەدات لەناو کۆمەڵگادا بە مەبەستی پێشگرتن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی دوبارە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران لە ساڵی 2025دا لانیکەم دوو هەزار و 159 کەسی لەسێدارەداوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویان کردووەتەوە کە ئێران لە دوای چین زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە و لە پلەی دووەمدایە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG