تونچەر ساغلام، کە زیندانییەکی کورد بوو لە زیندانی ئەنکەرە زیندانیکرابوو، بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان و کەسوکاری، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە. ساغلام لە ساڵی 2024 دا لە وان بە تۆمەتی '' پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن '' زیندانیکرا.
مانگی ڕابردوو بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستییەوە، لە زیندانێکی وانەوە بۆ زیندانی ژمارە 2 ی سینجان لە ئەنکەرە گواسترایەوە و دواتریش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە ئەتلیک کرابوو.
ڕۆژنامەی یەنێ لە زاری کەسوکاری ساغلامەوە بڵاویکردەوە کە گومان لەسەر توشبوونی ناوبراو بە نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاس هەبووە، بەڵام پزیشکەکان لە کاتی خۆیدا نەخۆشییەکەیان دیاری نەکردبوو یاخود یەکلاییان نەکردبووەوە. کەسوکاری ناوبراو ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان بە پزیشکەکانییان وتووە بۆ ئەوەی ساغلام ئازاد بکرێت پێویستە نەخۆشییەکەی بە ڕوونی دیاری بکرێت، بەڵام ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە هاوسەرۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسی '' پارتی دەم '' تونچەر بەکرهان ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا یادی ساغلامی کردەوە و ڕایگەیاند کە هاوڕێیەکی زیندانیی دیکەیان گیانی لە دەستداوە، بەکرهان جەختی لەوە کردەوە کە ساغلام سەرەڕای نەخۆشییە سەختەکەی ئازاد نەکراوە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا تا کەی زیندانییە نەخۆشەکان لە ناو زیندانییەکاندا دەمێننەوە.
ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە پڕۆسەی دادوەریی و زیندانەکان
پارێزەر و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڤەیسەل ڤەسیک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی یاساکانی تورکیا مافی دەرچوون لە زیندان بۆ زیندانییە نەخۆشەکان دەستەبەر دەکەن، بەڵام ئەو مافانە لە ڕێگەی ڕێساکانی ناوخۆ و شێوازی کرداریی بەرپرسانی زیندانەکانەوە پووچەڵ دەکرێنەوە.
ڤەسیک ئەوەشی خستەڕوو کە زیندانییە نەخۆشەکان لە ناو ئاڵۆزییە بیروکراتییەکاندا لە مافەکانییان بێبەش دەبن و گوتی '' زۆر جار کاتێک داواکاریی زیندانییەکی نەخۆش جێبەجێ دەکرێت، یان نەخۆشییەکەی دەگاتە قۆناغی کۆتایی و نەگەڕاوە، یان ئەوەتا پاش دەرچوونییان لە زیندان گیان لە دەست دەدەن.''
ناوبراو تیشکیشی خستەسەر ئەوەی لە تورکیادا بە ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی چاودێری زیندانەکان، مافی ئازادکردنی زیندانییان چ نەخۆش چ ساغ بە مەبەست دواخستن و پاشخستن بە خۆوە دەبینێت.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ئێستادا لانیکەم 1412 زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا هەن کە باری تەندروستی 335 کەسییان لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و سەختتدان.