حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان دەکات وڵاتی سعودیە تۆمەتباردەکەن بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی ڕۆژی هەینی بۆ سەر پارێزگای تەعز لە باشوری خۆرئاوای وڵات و دەڵێن 20 کوژراوی لێکەوتووەتەوە. لە هەمان کاتدا دەستەڵاتە خۆجێیەکان لۆمەکەی دەخەنە سەر هێرشی موشەکیی حوسییەکان و دەڵێن ئەو گروپە تیرۆرسیتییە بەرپرسیارە.
دکتۆر ئەنیس ئەسبەحی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە بەیاننامەیەکەدا کە لە میدیای حوسییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە دا کە لانیکەم 10 کەسی دیکە بە هێرشەکان بۆ سەر بازاڕی قەرەباڵغی حەدارە برینداربوون کە دەکەوێتە کەرتی وەزیە لە تەعز. تەعز سێیەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.
یەحیا ساریی، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، لە پۆستێکیدا لە ئێکس نوسیویەتی کە فڕۆکەی جەنگیی ئێف 15ـی سعودیە، کە لە بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیاتەوە لە نزیک سنوری یەمەن هەستاون، سێ موشەکیان هاویشتووە کە داویانە لە بازاڕەکە. هەروەها هۆشداری دا کە حوسییەکان تۆڵە دەکەنەوە.
دەستەڵاتە خۆجێیەکان لە پارێزگای تەعز لۆمەی "تۆپبارانی" حوسییەکانیان کرد بۆ سەر بازاڕی حەدارە لە وەزیە و دەڵێن کە ئەوان ئەو گروپە تیرۆرستییە بەرپرسیاردەکەن لەو "تاوانە قێزەونە."
میدیای فەرمیی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانیی دەکرێت، بە پشتبەستن بە دەستەڵاتە خۆجێیەکان، رایگەیاند کە "هیچ فڕۆکەیەک" ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی لە کەرتی وەزییە لە رۆژی هەینیدا ئەنجام نەداوە.
لە هەمان کاتدا، شەڕی قورس لە شاری تەعز بەردەوامە لەنێوان حوسییەکان و هێزەکانی حکومەت. دەگوترێت حوسییەکان خەریکە چواردەوری شارەکە دەگرن، پاش ئەوەی لە هێرشێکی خێرادا لە مانگی نۆ ناوچە کەنارییەکانیان کۆنترۆڵ کرد.
ستێفان دوژەریکی وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان دۆخی شاری تەعزی بە "جێگەی نیگەرانیی" لەقەڵەم دا پاش ئەوەی هەموو ڕێگەکان بۆ گەیشتن بە شارەکە بەهۆی شەڕەوە داخران.
ڕۆژی دوو شەممە لە شاری نویۆرک بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "هیچ کەرەستەیەکی بازرگانیی تێناپەڕێت. خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی شارەکە، وەک دەزانن، بەهۆی بارگرانیی نەگەیشتنی کەرەستەکان بە شارەکە، شکستیان هێناوە. نزیکەی چارەکە ملیۆنێک مرۆڤ، لە نێویاندا 186 هەزار منداڵ، دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستییە سەرەتاییەکان ڕاناگات."
ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر حکومەتی یەمەن و سعودیە هەڕەشەن لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و هاتوچۆی کەشتیوانیی. حوسییەکان دەڵێن کە ئەوان تەنیا کەشتییە سعودییەکان بەئامانج دەگرن لە تۆڵەی گەمارۆی ئەو وڵاتە بۆسەر فڕۆکەخانەی سەنعا و کۆمەککردنی هێزەکانی یەمەن لە دژی ئەو گروپەی سەر بە ئێران.