Accessibility links

بافڵ تاڵەبانی کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و ئەگەری دامەزراندنی حکومەتێک لە سلێمانی ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی توندی لەسەر دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، تێیدا کشانەوەی تەواوەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی دا بە ئەگەر دروستکردنی حکومەتێکی تر لە ناوچەی دەستەڵاتی یەکێتی.

سەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی یازدەی 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی حزبەکەی دان بە هیچ ئەنجامێکی کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانانێت.

تاڵەبانی ڕایگەیاند، "یەکەم بڕیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی دوای ئەم شتە [کۆبوونەوەی پەرلەمان] ئەوەیە، ئێمە لەم خولەکەوە دەکشێینەوە لەم حکومەتە شکستخواردووەی کە بەخۆی دەڵێت حکومەتی کوردستان."

سەرۆکی یەکێتی وتی، "ئەمە بەو مانایە دێت، ئێمە هەموو هێزی خۆمان بەکاردەهێنن کە خەڵکەکانی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە، بۆیان دابین بکەین."

تاڵەبانی لە درێژەی پەیامە توندەکەیدا وتی، "ئێمە دان بەم شتەدا نانێین، ئێمە دان بە هیچ حکومەتێک و پۆستێکدا نانێین کە لەم شتەوە بێت. ئێمە دان بە ئێوە دانانێین. ناچارمان دەکەن کاردانەوەمان هەبێت."

وەک ئاماژەیەک بە ناوچەی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند، "هەرچی ئێوە بیکەن لەوێ، ئێمەش لێرە دەیکەین؛ سەرۆکی هەرێم دادەنێن، ئێمە سەرۆکی هەرێم دادەنێین. وەزیر دادەنێن، وەزیر دادەنێین. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دادەنێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دادەنێین."

تاڵەبانی پارتی بەوە تۆمەتبار کرد گوایە لە دوێنێوە هێزی چەکداری بۆ سەر سنوری ناوچەی یەکێتی جوڵاندووە. هەروەها تۆمەتباری کردن بە بەکارهێنانی دارایی و هێزی سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ ترساندن و بەدەستهێنانی هاوسۆزی ئەو هەشت پەرلەمانتارانەی یەکێتی و لایەنەکانی تر کە دوێنێ جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و لە بەرژەوەندیی پارتی دەنگیان دا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی نەبووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG