Accessibility links

نیاندەرتاڵێک لە کوردستان پێدەچێت 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر بە ڕم کوژرابێت

دیمەنێکی هونەریی کێشراوی وڵاتی کرواتیا، تێیدا شێوەی ژیانی خێزان و کۆمەڵێکی نیاندەرتاڵ نیشاندەدات.
دیمەنێکی هونەریی کێشراوی وڵاتی کرواتیا، تێیدا شێوەی ژیانی خێزان و کۆمەڵێکی نیاندەرتاڵ نیشاندەدات.

ئێسکەپەیکەری 75 هەزار ساڵەی مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ لە هەرێمی کوردستان چیرۆکی ئەگەری کوشتن و هاوسۆزیی و ناشتن هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە نێو مرۆڤدا دەگێڕێتەوە.

شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکیان کردووە لەسەر ئێسکی بەبەردبووی 'شانەدەر A' کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە. دەڵێن لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە نیاندەرتاڵەکە توشی برینێکی سەخت بووە، کە ئەمە دەکرێت کۆنترین نموونەی ناسراوی "توندوتیژیی کوشندەی نێوان تاکەکان" بێت، کە تێیدا بە ڕمێکی لە دار دروستکراو و تیژکراو هێرشی کرابێتە سەری.

هەروەها دەڵێن ئێسکی نیاندەرتاڵەکە هێمای برینی تری پێوەیە، کە لەوە دەچێت لانیکەم ساڵێک بەر لە مردنی تووشی ئەو برینە بووبێت.

دیمەنی ئێسکە بەبەردبووەکەی شانەدەر A کە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.
دیمەنی ئێسکە بەبەردبووەکەی شانەدەر A کە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.

لە ساڵانی پەنجاکانەوە لە ئەشکەوتی شاندەر ئێسک و پروسکی چەندین مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزرانەوە کە بە ناوی ئەشکەوتەکە و ژمارە و پیت ناونراون، و لەو کاتەوە توێژینەوە لەسەر ئەو ئێسکانە بەردەوامە.

شانەدەر A یەکێکە لە دیارترینی ئەو مرۆڤانە و چیرۆکەکەی لە چەندین بەش پێکدێت.

ئێسکی دەفەی شانی شاندەر A کونێکی خڕی تێدایە کە تیرەکەی نزیکەی 1.5 سانتیم دەبێت و پێدەچێت لە ئەنجامی پێکانی ئێسکەکە بە تەنێکی تیژ دروستبووبێت.

ئایا شانەدەر A یەکێکە لە یەکەم قوربانییەکانی کوشتن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؟

ڕێبێكا سایکس کە شوێنەوارناسە لە زانکۆی کامبرێج و بەشێک نیە لە تیمی توێژینەوەی شانەدەر بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وتووە، "ناتوانین دڵنیابین لەوەی برینداریی ڕمەکە بەڕێکەوت بووە یان ئەنجامی توندوتیژی بەمەبەست بووە."

نیاندەرتاڵ ڕاوی ئاژەڵی گەورەیان کردووە و بە کۆمەڵ هێرشیان بردووە. بۆیە لێکۆڵەران دەڵێن ئەگەری هەیە لە ئەنجامی هێرشێکی لەو جۆرەدا پێکرابێت.

جۆری کونەکەی دەفەی شانی شانەدەر A و پاشماوەی وردە ئێسکی شکاوییەکە لە شوێنەکە نیشانەی ئەوەن ئەو تەنە تیژە لە کەمێک بەرزییەوە، لە پێشەوە، دراوە لە سنگی و یەکێک لە سییەکانی کون کردووە و رەنگە خوێنەبەریشی بڕیبێت و زووش کۆتایی بە ژیانی هێنابێت.

تەنێکی تیژ کە توانیبێتی ئەو جۆرە کونە دروستبکات یان تیر یان ڕم بووە. ئەگەرەکان زیاتر بەلای ئەوەدا دەچن نوکی تیژی ڕمێکی دروستکراو لە دار ئەو ئێسکەی کون کردبێت. ئامێرێکی وەها لەو سەردەمەدا ئامرازێکی باوی ڕاوکردنی ئاژەڵ بووە کە نیاندەرتاڵ بەکاریان هێناوە، و بەرد نەبووە چونکە جێکەوتەی بەرد جیاوازترە.

ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لە مەڵبەندە بەنرخەکانی جیهان بۆ لێکۆڵینەوە لە نیاندەرتاڵەکان.
ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لە مەڵبەندە بەنرخەکانی جیهان بۆ لێکۆڵینەوە لە نیاندەرتاڵەکان.

لێکۆڵەران دەڵێن ئەو پێکرانەی شانەدەر A یەکەم برینداریشی نەبووە. پێدەچێت پێشتر شتێک بەر دەمی شانەدەر A کەوتبێت، ددانی پێشەوە شکاندبێت، ددانەکەی تەنیشتی لەقکردبێت و دەمی بریندارکردبێت. شانەدەر A بەو بریندارییە نەمردووە، بەڵام بەگوێرەی بریندارییەکە بێت، جویینی خواردن بۆی زەحمەت بووە. توێژەران دەڵێن چاکبوونەوەی لەو برینانە دەریدەخات کە نیاندەرتاڵەکە یارمەتی دراوە بۆ چاکبوونەوە و بەردەوامبوون لە ژیان.

چیرۆکی شانەدەر A پێماندەڵێت کە هاوەڵان و ئەندامانی خێزان و تیرەکەی یارمەتییان داوە لە پێدانی خواردن و پاراستنی تاوەکو بەردەوام بێت لە ژیان.

لێکۆڵەران پێشبینی دەکەن شانەدەر A تاوەکو تەمەنی 45 ساڵ ژیابێت.

چیرۆکی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر لێرەدا تەواو نابێت. دوایین توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نیاندەرتاڵ مردووەکانیان لە ئەشکەوتی شاندەر ناشتووە. شانەدەر A لە مردنیشیدا لەناو هاوەڵەکانیدا ماوەتەوە.

ڕووفاتەکەی لەپاڵ ڕووفاتی لانیکەم چوار کەسی دیکەی نیاندەرتاڵ، کە یەکێکیان منداڵبووە، لە ئەشکەوتی شانەدەر لەناو جێگەیەکی زۆر تەسکدا دۆزراونەتەوە.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو لاشانە بە کۆمەڵ فڕیدرابنە ئەو چاڵەوە وەک گۆڕی بەکۆمەڵ، بەڵکو یەک لەدوای یەک لەو شوێنە دانراون کە بەڵگەی ڕاستەوخۆن لەسەر هەبوونی ناشتنی مردوو لە شوێنێک کە دیاریکراو و نیشانکراوبووە بە بەردرێکی گەورە.

پاشماوەی زۆرێک لە ڕووفاتەکانی نیاندەرتاڵی شانەدەر لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتین لە شاری واشنتۆن و لە ئێستادا لەسەر ماڵپەڕی مۆزەخانەکە دەبینرێن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG