بەهۆی زنجیرەیەک لە هەڕەشەی بۆمبڕێژکردنی ساختەوە دەیان گەشتی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەوروپادا هەڵوەشانەوە و بەلایەنی کەمەوە فڕۆکەخانەیەک بە شێوەیەکی کاتی داخرا. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تا ئێستا هیچ تەقەمەنییەک لە ناو فڕۆکەکاندا نەدۆزراوەتەوە.
لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیتاڵیا یاوەریی فڕۆکەیەکی هێلسنکییان کرد کە بەرەو ڕۆما دەچوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە هەڕەشەی لێکرابوو. پاش نیشتنەوەی فڕۆکەکە، تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب پشکنینی وردییان بۆ فڕۆکەکە ئەنجام دا و هیچ بۆمبێکیان نەدۆزییەوە.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا وەزارەتی بەرگری بولگاریا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان یاوەریی سێ فڕۆکەی ڕایان ئێرییان کردووە کە بەرەو سۆفیا دەفڕین. بەرپرسانی فڕۆکەخانە ئاماژەیان بەوە کرد کە گەشتەکانی کۆپنهاگن و مەدرید گەیشتوونەتە سۆفیا، بەڵام بەڕێوبەری جێبەجێکاری فڕۆکەخانەی پلۆڤدیڤ وتی ئەو فڕۆکەیەی لە لەندەن ستانستێدەوە هاتبوو ڕێڕەوەکەی گۆڕدرا بۆ پلۆڤدیڤ.
لە پراگی پایتەختی چیک، پۆلیس پشکنینی بۆ چوار فڕۆکە کردووە کە دوای بڵاوبوونەوەی هەڕەشەکان گەیشتبوون و هیچ شتێکی گوماناوییان نەدۆزییەوە.
هاوکات ئۆفیسی سەرۆکوەزیری فەڕەنسا سێباستین لیکۆرنۆ ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا فەڕەنسایان ئاگادار کردووەتەوە دەربارەی هەڕەشەیەک دژی فڕۆکەی ئێر لینگۆس کە لە دەبلینەوە بەرەو ڕۆما دەفڕێت، بە یاوەریی فڕۆکەیەکی جەنگی فەڕەنسی، فڕۆکەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی لە ئێڤرۆ لە نۆرماندی نیشتەوە. ئۆفیسی لیکۆرنۆ پشتڕاستی کردەوە کە 151 سەرنشینەکە و شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەکە پارێزراون، لە کاتێکدا تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی سەربازیی پشکنینیان بۆ فڕۆکەکە دەکرد.
ئەم پەککەوتن و هەڕەشانەی ڕۆژی پێنجشەممە دوای ئەو هەڕەشانە هاتن کە ڕۆژی سێشەممە لانیکەم حەوت گەشتی ئاسمانی و کەشتییەکی گەشتیارییان کردبووە ئامانج، هەروەها کاریگەرییان لەسەر گەشتەکانی ناو وارشۆ، سۆفیا، ڕۆما و مۆرسیا لە ئیسپانیا دروستکرد. بەرپرسانی یۆنانیش پشکنینیان بۆ کەشتییەک کرد لە بەندەری دوورگەی سایرۆس کە بەرەو ئیسڕائیل دەڕۆی.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە وەزیری بەرگری هەنگاریا ڕۆمۆلۆس ڕوسین سێندی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگی گریپینی ناردووە بۆ یاوەریکردنی گەشتێکی ئاسمانی کۆمپانیای فیز ئێر لە لەندەنەوە بۆ سۆفیا، کە دوای هەڕەشەیەک ڕێڕەوەکەی بۆ بوداپێست گۆڕدرابوو.