سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردووی وڵاتەکەی پەسەند کرد، و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی لەگەڵ سەرکردەی پارتە سیاسییەکان دەستپێکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت.
پەسەندکردنی فەرمی ئەنجامەکان لەلایەن هێرزۆگەوە وەک گورزێک بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی حزبەکەی پاکیی هەڵبژاردنی خستە ژێر پرسیارەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پارتە عەرەبییەکان، بە هاوکاریی دەرەکی، هەڵبژاردنەکانییان '' دزیوە."
نەتانیاهو و هاوپەیمانییە پارێزگارەکەی زۆرینەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی ئیسڕائیلدا لە دەست دا و لە بەرامبەردا پارتە بە ڕەگەز عەرەبەکان دەستکەوتی بەرچاوییان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و گشتگیر لە سەرجەم سکاڵا و بانگەشەکانی لایەنەکان سەبارەت بە ساختەکاری، ''هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بە بوونی پێشێلکاری بکات بە شێوەیەک زیان بە ڕاستیی هەڵبژاردنەکە بگەیەنێت یاخود کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکان دروست بکات.''
هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی تر دەربارەی گومانەکانی دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکەدا هێشتا بەردەوامە. لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئیسڕائیل (شین بێت)ـەوە ئەنجام دەدرێت، کە لەلایەن دەیڤد زینیی کەسایەتی نزیک و دەستنیشانکراوی نەتانیاهو سەرپەرشتی دەکرێت.