Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئاکەپە: کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمان بەم نزیکانە دەستبەکاردەبێت

جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ئەفکان ئالا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند کە کۆمسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت.

ئالا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی کەناڵی خەبەرتورکدا ڕوونیکردەوە کە کۆمسیۆنەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکات و گوتی، " کارەکان لە مەیداندا بەردەوامن و هیچ وەستانێک لە ئارادا نییە. ئێمە پێمان وایە پرسەکە بە خێرایی چارەسەر دەبێت و هەوڵەکانمان بەردەوامن."

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە لەم پڕۆسەیەدا پێویستە خۆیان لە ناکۆکییە ڕۆژانەییەکان بەدوور بگرن و ڕایگەیاند، دەیانەوێت لە ڕێگەی "بەهێزکردنی دۆستایەتی لەگەڵ 87 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتدا،" بارگرانیی سەر شانی تورکیا سووک بکەن.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتوڵموش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆمسیۆنی چاودێریی پڕۆسەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان دەستبەکار دەبێت.

لە بەرامبەردا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پڕۆسەکە، دەبێت پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە تەواوەتی ڕوونبکرێتەوە. پەرلەمانتارانی پارتی دەم ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرەڕای سەردانی شاندی ئیمراڵی و گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ، هێشتا ئەوە مانای ئەوە نیە پێگەیەکی نوێی فەڕمی درابێت بە ئۆجەلان.

لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا جەختی لەوە کردبووەوە کە مافی ئۆجەلانە لە پڕۆسەی "تورکیای بێ تێرۆر"ـدا ببێتە هەماهەنگیکاری بە سیاسیبوون. هەروەها دووپاتی کردبووەوە کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە لە هەماهەنگییەکی تەواودان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

جێی ئاماژەیە، پڕۆسەی نوێی سیاسی لە تورکیا لە مانگی 10ـی ساڵی 2024 بە بانگەوازەکەی باخچەلی دەستیپێکرد. لە مانگی 2ـی ساڵی 2025 ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە. هاوکات یاسای چوارچێوەیی تورکیا، کە لە مانگی 8ـی ساڵی 2026ـدا پەسەند کرا، پێشبینی دەکات کە دوای پشتڕاستکردنەوەی پڕۆسەی چەکدانان، ڕێکار و مێکانیزمەکانی تایبەت بە ڕەوشی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بخرێنە گەڕ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG