Accessibility links

دەمیرتاش: پڕۆسەی سیاسیی تورکیا پێویستی بە هاوکاری و بڕیاردان و هەنگاوی ڕژد هەیە

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر زیندانیکردنیدا تێپەڕ دەبێت، وتارێکی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی تورکیا بڵاوکردەوە.

لە وتارەکەیدا کە لەسەر ماڵپەڕی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی بڵاوکراوەتەوە، دەمیرتاش دەڵێت چارەسەرکردنی ململانێکان و پڕۆسەی چەکدانان لە هەر قۆناغێکدا کارێکی قورسە، بەڵام ئەوەی گرنگە بوونی هاریکارییە.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا کە عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە لە "دەمێکە بە ڕوونی درکی بەوە کردووە کە سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەرچووە" و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئۆجەلان داوا لە دەوڵەتی تورکیا و پارتەکەشی دەکات کە گۆڕانکاریی لە خۆیاندا بکەن.

دەمیرتاش گوتی، '' پێویستە هەمووان لە بەرزترین ئاستدا سەرنجییان لەسەر ئەم بابەتە بێت.، ئەمە لە ڕووی سیاسیی، ئەخلاقی و ویژدانییەوە پێویستییەکی حەتمییە.''

دەمیرتاش گوتیشی بۆ ئەوەی پڕۆسەی دانوستاندنەکان بەڕێوەبچێت، دەبێت ڕۆڵ و مەرج و دەرفەتەکانی ئۆجەلان ڕوون بکرێنەوە.

دەمیرتاش ئاماژەشی بەوە دا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، پێویستە لەسەرووی هەموویانەوە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) و تەواویی ئۆپۆزسیۆن بە زمانێکی بونیادنەرانە ڕەفتار بکەن.

لەلایەکی دیکەوە میتحەت سانجاری پەرلەمانتاری پارتی دەم لە ڕحا لە 1ـی مانگی یازدەدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

سانجار گوتبووی بۆ ئەوەی پڕۆسەی دانوستاندنەکان بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت ڕۆڵی ئۆجەلان بۆ هەماهەنگیکردن ڕوون بکرێتەوە.

هاوکات پەروین بوڵدانی پەرلەمانتاری وان گوتی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی تر بە مانای گۆڕینی پێگەکەی نایات و ئاماژەی بەوە دا کە لە دانوستاندنەکاندا چەقبەستووییەک دروست بووە.

پارتی دەم داوا دەکات ئۆجەلان ببێتە هەماهەنگیکاری کۆمسیۆنی چەکدانان و بە سیاسییبوون و دەبێت تیمێکی تایبەتی کاری لەگەڵدا بێت.

سەرچاوەکانی حکومەتی تورکیا گواستنەوەی ئۆجەلانییان بۆ شوێنێکی دیکە پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەڕمی لەسەر گۆڕینی پێگەکەی نەدراوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG