ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی تورکیا محەمەت ئوچوم داوای کرد هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە پێش تەواو بوونی ماوەی ئاسایی بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە.
ئوچوم لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک ئاماژەی دا بەوەی کە بەپێی دەستووری وڵات دەبێت پڕۆسەی هەڵبژاردن پێش 7ـی پێنجی ساڵی 2028 ئەنجام بدرێت، ناوبراو 16ـی مانگی چواری ساڵی 2028ـی وەک کاتی پێشنیارکراوی خۆی خستە ڕوو کە ساڵیادی ڕیفراندۆمی سیستەمی حکومڕانی سەرۆکایەتییە.
بە پێی دەستوری تورکیا، ئەگەر هەڵبژاردن لە کاتی ئاسایی خۆیدا بکرێت، سەرۆک کۆمار دەتوانێت تەنها بۆ دوو خولی لەسەر یەک خۆی کاندید بکات و پۆستەکە وەربگرێت. ئەردۆغان لە سیستەمی نوێدا لە ساڵانی 2018 و 2023ـدا لەسەر یەک وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردراوە.
جێی ئاماژەیە، پەرلەمانی تورکیا پێویستی بە 360 دەنگ هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت. لە ئێستادا هاوپەیمانیی کۆماریی کە لە پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست پێکهاتووە، خاوەنی 331 کورسییە لە پەرلەماندا.
ڕاوێژکارە باڵاکەی سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەشی بەوە دا کە بەپێی هەڵوێست و لێدوانەکانی ئەمدواییانەی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی گەلی کۆماریی، کۆی گشتی لایەنگرانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە پەرلەماندا دەگاتە 371 کورسی.
هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیار:
بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ماوەیەکی زۆرە لە ناوەندی سیاسیی تورکیادا گەرمە و لێدوانی جیاوازی لەسەر دراوە:
سەرکردایەتی وڵاتەکە:
لە 17ـی مانگی حەوتدا ئەردۆغان ڕایگەیاند کە باوەڕی وایە ئەو هەڵبژاردنانەش تێپەڕدەبن کە ڕۆژ بە ڕۆژ نزیکتر دەبنەوە. لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتولموش لە 25ـی مانگی حەوتدا جەختی لەوە کردبووەوە کە ئێستا نە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە بە ئامانجی ڕێگەخۆشکردن بۆ کاندیدبوونی ئەردۆغان.
لێدوانی لایەنی ئۆپۆزسیۆن:
سەرچاوەکانی پارتی دەم دەڵێن لە ئێستادا دۆسییەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ڕووی ئەندازەی سیاسییەوە لە پێشینەی کارەکانییان نیە و ئەوان زیاتر سەرنجییان لەسەر پڕۆسەی چارەسەرییە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پێشووی پارتی جەهەپە کەمال کلیچدارئۆغلۆ هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەگەر دەسەڵات بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات، ئەوان دژی ناوەستن. هەروەها پارتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئۆزگور ئۆزێل داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات.