Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕاگرتنی بڕی چوار ملیار دۆلار لە هاوکاریی ساڵانە بۆ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا کۆتایی ئەمساڵ یارمەتییەکانی بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت، بەو هۆیەی کە ئیسرائیل چیتر پێویستی بەو یارمەتییانە نییە و دەتوانێت بە پارەی خۆی چەک بکڕێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە، لە بەیانی ڕۆژی هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتیدا، لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتی، "چوار ملیار دۆلارمان پێ دەدان، ئێستاش بەردەوامین لە پێدانی ئەو پارەیە، بەڵام لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕادەگیرێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە ئەو یارمەتییانە پارە و پێداویستیی جۆراوجۆر دەگرنەوە، لەوانە یارمەتیی سەربازی، پارەی نەختینە و ئاڵوگۆڕی کاڵا.

ترامپ گوتی چەندین ساڵە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی کۆتاییهێنان بەو یارمەتییانە گفتوگۆ دەکات و ئاماژەی بەوە کرد کە نەتانیاهو خۆی ئەو بیرۆکەیەی خستووەتە ڕوو.

ترامپ ڕاشیگەیاند، "ئەوان پێویستییان پێی نییە. ئیسرائیل وڵاتێکی زۆر گەشەسەندوو و خۆشگوزەرانە."

بەپێی ڕێککەوتننامەی ئێستای هاوکاریی ئاسایشی لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل، واشنتن ساڵانە نزیکەی 3.8 ملیار دۆلار یارمەتیی سەربازی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات و بڕیارە ئەو ڕێککەوتنە تا ساڵی 2028 بەردەوام بێت.

نەتانیاهو پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو پشتبەستنی ئیسرائیل بە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا کەم بکاتەوە.

بەڵام تا ئێستا وردەکارییەکانی چۆنیەتی و کاتی جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییە و کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتننامەی ئێستای نێوان هەردوو وڵات ڕوون نەکراوەتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG