Accessibility links

میتحەت سانجار: عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیندانی ئیمراڵی بەجێ هێشت و گوازراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی

میتحەت سانجار ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمڕالی و هاوسەرۆکی هەدەپە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ''بەڕێز ئۆجەلان زیندانی ئیمرالی بەجێ هێشت و گوازراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی.''

میتحەت سانجار لە تەلەفزیۆنی میدیا هابەر دەرکەوت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.

سانجار ڕایگەیاند کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕووی لە شوێنە نوێیەکەی کردووە کە لە دوورگەی ئیمرالی بۆی دروست کراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گەشەپێدانە ئاماژەیە بۆ پێویستی خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی.

هەروەها گوتی کە دەکرێت بانگی ڕۆژنامەنووسان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر لە نێوان هەردوو لایەن دروست بێت. هەروەها داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد کە هەنگاوی پتەوتر بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بنێت و گوتی ''پرۆسەکە ناتوانێت بە پشتبەستن بە چاوەڕوانییە یەکلایەنەکان بەرەو پێشەوە بچێت.''

لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەرۆکی تورکیا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە لە هەوڵدان بۆ ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' و ئامانجیان چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کوردە لەو وڵاتەدا.

هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان چەند هەنگاوێکی وەکوو نیازپاکی ناوە لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و سوتاندنی چەکەکان و چۆڵکردنی هەندێک لە بنکەکانی لە نزیک سنوورەکانی تورکیا و کشانەوەی تەواوی گەریلاکانی لە ناوخۆی تورکیا.

شایەنی باسە سەرباری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پارتەکەدا و هەنگاونان بەرەو ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هەتا ئێستاش ئەو پارتە لە لیستی تیرۆری تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپادا ماوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG