دەزگای پاراستنی ئیسرائیل دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەدا.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە کە پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، قەتەر و تورکیای وەک دابینکەری پارە ناو بردووە بۆ ئەو گروپانەی هانی هاووڵاتیانی عەرەبیان داوە بۆ دەنگدان.
نوعام سۆلبێرگ، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەکان داوای لە دەزگای پاراستنی ئیسرائیل کردووە لێکۆڵینەوە لە "گومانەکانی یارمەتی دارایی دەرەکی بۆ هەڵبژاردن لەلایەن دامەزراوە بیانییەکانەوە" بکات.
هەر دوای دەستپێکردنی ئەم لیکۆڵینەوە، پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاند تا ئیستا حەوت کەسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پلانی بەرتیلدان بە دەنگدەران لە بەرژەوەندی حزبی ڕەعامی عەرەبی.
پۆلیس ڕایگەیاندووە ئەو تۆمەتبارانە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 29ی ئەم مانگە دەستگیرکراون و لەلایەن یەکەی لێکۆڵینەوەی تاوانە گەورەکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
پۆلیسی ئیسرائیل پێی وایە ئەو کەسانە گومانیانی ئەوەیان لێدەکرێت کە پلانیان هەبووە پارە بدەن بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هانیان بدەن دەنگ بە پارتی ڕەعام بدەن.
حزبی ڕەعام دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو دەستگیرکراوانە چالاکوانانی ئ٧ەو حزبەن، بەڵام تۆمەتەکانی بەرتیلدانی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕەتکردووەتەوە.
بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەیە کە دەستی دەزگای پاراستنی ئیسرائیل و سەرۆکی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەکان کەوتووە. هەمان ئەو ڕاپۆرتانە باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕێگایانەی بۆ ناردنی پارە بۆ ئەو گروپانە بەکاردەهێنراون، هاوشێوەی ئەو ڕێگایانەن کە لە ڕابردوودا بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر بەکارهێنراون.
ئەم دەنگۆیە لە کاتێکدایە کە دەزگای پاراستنی ئیسرائیل دوو ڕۆژ پێش ئیستا ڕایگەیاندبوو کە پرۆسەی دەنگدان "تا ئێستا بە باشی" بەڕێوەچووە و ئاماژەی بەوەشکرد "ڕێژەی دەنگدان زۆرە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل بڵێین کە هەڵبژاردنەکان لە ژێر چاودێری و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچن."
هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆمەتەکانی پارتی لیکودی بنیامین نەتانیاهوی ڕەتکردەوە لە دژی پارتە عەرەبییەکان کە بە ساختەکاری بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتباری کردبوون و ڕایگەیاند هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو و هەواڵگری نییە بۆ پشتگیریکردن لەو تۆمەتانە.
هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممە تا ئیستا بێ ئەنجام بووە و هیچ بلۆکێک زۆرینەی 61 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بەدەستنەهێناوە. پارتەکان سەر بە عەرەبەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا تا ئێستا 19 کورسیان بەدەستهێناوە.
دەزگای پاراستنی ئیسرائیل بانگەشەی حزبەکەی نەتانیاهو لەبارەی پارەی قەتەر و تورکیا لە هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە