Accessibility links

حوسییەکان هێرشیان کردەوە سەر فڕۆکەخانەی عەدەن لە یەمەن

دیمەنی دوکەڵکەوتنەوە لە دوای هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەدەن ڕۆژی 28ـی دەی 2026.
دیمەنی دوکەڵکەوتنەوە لە دوای هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەدەن ڕۆژی 28ـی دەی 2026.

دوو مووشەکی حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەن کەوتنە خوارەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هاتوچۆی فڕۆکەوانی.

ئەمە پێنجەمین هێرشە لەم مانگەدا بۆ سەر فڕۆکەخانەکە لە لایەن ئەو گرووپەی کە ئێران پاڵپشتیی دەکات.

پێش هێرشەکە، حوسییەکان ئاگادارییان بە خەڵک دا کە فڕۆکەخانەکە چۆڵ بکەن. حکومەتی یەمەن هیچ زیانێکی مرۆیی ڕانەگەیەندووە، بەڵام وتیان دوای هێرشەکە هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی عەدەن ڕاگیراوە.

وتەبێژێکی سەربازیی حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی ئێکس بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی سعودیە، کە چەکی بۆ حکومەتی یەمەن دەگواستەوە، لە فڕۆکەخانەکەدا بووە.

حوسییەکان پێشتر ئاگادارییان داوە لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانە مەدەنییەکەی عەدەن بۆ هەر مەبەستێکی سەربازی. تا ئێستا بەرپرسانی سعودیە لەبارەی ئەم هێرشەوە لێدوانیان نەداوە.

هێرشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ڕیما بنت بەندەر، باڵیۆزی سعودیە لە ئەمەریکا، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ تێکشکاندنی حوسییەکان.

حوسییەکان، کە ئەمەریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییان دادەنێت، لەم دواییانەدا هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە و حکومەتی یەمەنی دانپێدانراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی بەرپرسانی یەمەن، حوسییەکان ڕۆژی حەوتی دە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی عەدەن، تەنها چەند خولەکێک پێش گەیشتنی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە قاهیرەوە.

شەڕی یەمەن لە سەرەتای مانگی نۆوە توندتر بووەتەوە، دوای ئەوەی حوسییەکان کۆنترۆڵی تەواوی کەناراوەکانی یەمەنیان لە دەریای سوور گرتە دەست و ناوچەی فراوانتریان لە دەوروبەری شاری تەعز داگیر کرد کە سێیەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە کە جووڵە و هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان، هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ناوچەکە و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.

بەڵام حوسییەکان دەڵێن تەنها ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە سعودیەوە هەیە، و ئەو هێرشانەش وەڵامێکن بۆ پشتیوانیی ڕیاز لە حکومەتی یەمەن و هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەنعا.

لە هەمان کاتدا، نیل هۆپ، کاربەدەستی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن، ڕۆژی چوارشەممە ڕەخنەی لە شێوازی شەڕکردنی حوسییەکان گرت و تۆمەتباری کردن بە چاندنی مین لە ناوچەکاندا کە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی.

هۆپ لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاو کراوەتەوە، گوتی مینە زەمینییەکان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 11 هەزار و 800 کەس لە یەمەن، کە نزیکەی هەموویان مەدەنی بوون.

ئەو هۆشداری دا کە ئەو مینانەی حوسییەکان چاندوویانن، بۆ ساڵانێکی زۆر لە داهاتوودا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵکی یەمەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG