Accessibility links

عێراق و سوریا گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنی ڕۆژانەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بانیاسەوە دەکەن

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی سوریا ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی دەی 2026، لە دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی نەوتی بانیاس لە سوریاوە کرد، کە توانای هەناردەکردنی تا دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی لە بەغداوە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، گفتوگۆیان لەسەر فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی کرد.

بەپێی ڕاگەیاندنێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و شەرع سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی شاندەکانی هەردوو وڵاتیان کرد، کە تێیدا پرۆژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی بانیاسەوە تاوتوێ کرا.

بەڵام لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایا هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ بەکارخستنەوەی بۆرییەکە، یان کەی دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکرێت.

بۆریی نەوتی عێراق–بانیاس، کە عێراق بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە، دەتوانێت ڕێڕەوێکی دیکە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق دابین بکات.

جگە لە نەوت، هەردوو لایەن گفتوگۆیان لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی هاوبەشیی کەرتی کشتوکاڵ کردووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکخستنی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، گەلی عێراق و سوریا "یەک گەل لە دوو وڵاتدان" و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوبەشی لە بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەهێزکردنی هاوکاریی ئاسایشی و یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە دیمەشق خوازیاری گەیشتن بە "بەرزترین ئاستی هاوکاری"ـیە لەگەڵ بەغدا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا، سانا، ڕایگەیاند کە سەردانەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری و هەلی وەبەرهێنان و گەشەپێدان ئەنجام دەدرێت.

شەرع ڕۆژی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دیجلەی عێراقی، قۆناغی ئێستای بە "هەلێکی مێژوویی" بۆ عێراق و سوریا وەسف کرد، بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان بەهێز بکەن و دوو دەوڵەتی بەهێز دروست بکەن کە توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG