Accessibility links

هێرشەکانی ئوردن دژی داعش لە سوریا مەترسیی گرووپە توندڕەوەکان بۆ سەر ناوچەکە دەردەخات

هێرشە ئاسمانییەکانی ئوردن بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری سووریا، جارێکی دیکە مەترسیی گرووپە توندڕەوەکان و ئاستی هاوکاریی ئاسایشی لەنێوان عەممان و دیمەشقیان خستووەتە بەر باس.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە دەتوانن ببنە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش.

حکومەتی ئوردن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە شەوی دووشەممە هێرشێکی لەناو خاکی سوریا دژ بە چەکدارانی داعش ئەنجام داوە و زیاتر لە 20 چەکداری کوشتووە و کۆگایەکی گەورەی چەکی ئەو گرووپەی لەناوبردووە.

هەر ئەمڕۆ حکومەتی سووریا هێرشەکانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند کەبەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ئەنجام دراون.

محەمەد موئمینی، وەزیری ڕاگەیاندنی ئوردن، گوتی ئەنجامە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە زیانی گەورە بە داعش گەیشتووە. جەختی کردەوە کە ئوردن چیتر بەرگەی چالاکیی گرووپانە توندڕەوەکان ناگرێت و داعشی بە مەترسییەکی هاوبەش بۆ ئوردن و سووریا وەسف کرد.

حەسەن ئەبو هەنیە، توێژەری ئوردنی و پسپۆڕی جووڵانەوە ئیسلامییەکان، پێی وایە مەترسیی توندڕەوی تەنها بە چالاکیی گرووپە چەکدارەکانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش لە ناوچەکەدا ڕۆڵیان هەیە.

ئەبو هەنیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئوردن لە ژینگەیەکی ناوچەیی ئاڵۆزدا دەژی، کە تێیدا کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی ئازادیی پێویست و ناسەقامگیریی سیاسی دەتوانن توندڕەوی بەهێزتر بکەن."

بەپێی ئەو، ئاڵۆزییەکانی سووریا و عێراق، شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا، لەگەڵ هەژاری و بێکاری، مەرجەکانی گەشەکردنی توندڕەوی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکەن.

کۆلین کلارک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ناوەندی سۆوفان لە واشنتن، هۆشداری دەدات کە شانەکانی سەر بە داعش هێشتا لە ناوچەکەدا چالاکن و ئەگەری بەهێزبوونەوەیان لە ساڵانی داهاتوودا هەیە.

کلارک بە دەنگی ئەمەریکای گوت، پێشبینی دەکات حکومەتی ترامپ هاوکاریی ئاسایشی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئوردن زیاد بکات، چونکە عەممان هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتنە.

ئەو هەروەها گوتی، "حکومەتی ئەحمەد شەرع لە سووریا ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێگریکردن لە داعش هەیە، بەڵام بەهۆی زۆریی کێشەکانی بەردەمی، توانای پێویستی بۆ ئەو ئەرکە سنووردارە."

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سووریا، جەخت دەکاتەوە کە مەترسیی توندڕەوی تەنها سەربازی نییە، بەڵکوو بیرۆکە و ئایدیۆلۆژیای توندڕەویش دەتوانێت سنوورەکان ببەزێنێت و بگاتە ئوردن، عێراق و لوبنان.

بەپێی ئەو، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە هەوڵی ئاسایشی، فەرهەنگی و پەروەردەیی هەیە.

لە هەمان کاتدا، فازڵ ئەبو ڕەغیف، شارەزای ئاسایشی لە عێراق، هێرشەکانی ئوردنی بە کاریگەر وەسف کرد و گوتی، ئەو هێرشانە دەتوانن مەترسیی چوونەناوەوەی توندڕەوان لە سووریاوە بۆ ئوردن کەم بکەنەوە.

ئەبو ڕەغیف پێی وایە داعش هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ عێراق و ئوردن، بەڵام عێراق لە ڕووی توانای ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەوە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە.

ئەم هەڵسەنگاندنانە نیشان دەدەن کە سەرەڕای هێرشە سەربازییەکان، چارەسەرکردنی مەترسیی داعش پێویستی بە هاوکاریی ئاسایشی ناوچەیی و مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی توندڕەوی هەیە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG