Accessibility links

ئیسرائیل یەکەم هەڵبژاردنی گشتی دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجام دەدات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوسەرەکەی لە کاتی دەنگداندا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوسەرەکەی لە کاتی دەنگداندا.

هاووڵاتیانی دەنگدەر لە ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن و بڕیار دەدەن لەسەر هێشتنەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێستا لە پۆستەکەی یاخود گۆڕینی، ئەمەش لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماس و جەنگی غەززەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا، دەنگدەران 120 ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنیسێت، هەڵدەبژێرن. ئەنجامی دەنگدانەکە ئەوە دەردەخات ئایا بنیامین نەتانیاهو بۆ جارێکی دیکە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، یان ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت حکومەتێکی نوێ پێک بهێنێت.

نەتەنیاهۆ، سەرۆکی پارتی لیکودی پارێزگار، لەگەڵ هاوپەیمانییە ڕاستڕەوەکەیدا ڕووبەڕووی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە کە پارتی ناوەندڕەوی یاشار، بە سەرکردایەتی گادی ئایزەنکۆت، سەرۆکی پێشووی سوپای ئیسرائیل، یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی.

ڕاپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن ئاماژەیان بە ڕکابەرییەکی نزیک لەنێوان نەتەنیاهۆ و ئایزەنکۆتدا کردووە، کە کوڕەکەی لە جەنگی غەززەدا کوژراوە.

بەپێی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، تا کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئیسرائیل، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران گەیشتووەتە نزیکەی 45 لە سەد. ئەم ڕێژەیە بەرزترین ئاستی بەشدارییە لەو کاتژمێرەی ڕۆژی دەنگداندا لە دەیان ساڵی ڕابردوودا.

دین لیڤنە، بەڕێوەبەری کاتیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە هێشتا لە هەندێک بنکەی دەنگداندا ڕیزی درێژی دەنگدەران هەیە. بەپێی ئەو، هەر کەسێک تا کاتژمێر دەی شەو، کە کاتی داخستنی بنکەکانە، لە ڕیزدا بێت، ڕێگەی پێدەدرێت دەنگی خۆی بدات.

لە هەمان کاتدا، چاوەڕوان دەکرێت بەشداریی دەنگدەرە عەرەبەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا ببینێت. هاووڵاتییە عەرەبەکان نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ئیسرائیل پێک دەهێنن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ڕێژەی بەشدارییان بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەنگدەرە جوووەکان کەمتر بووە.

هەڵبژاردنەکە سێ ساڵ دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، کە بووە هۆی دەستپێکردنی جەنگی غەززە و قەیرانێکی مرۆیی فراوان لەو ناوچەیەدا.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر پێکهاتەی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل و سیاسەتەکانی بەرامبەر غەززە و ناوچەکە هەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG