Accessibility links

ئەردۆغان: ڕەخنەگرتن لە ڕێککەوتنی دەریایی تورکیا و لیبیا هیچ بنەمایەکی نییە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ڕەخنەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەوانی دیکە سەبارەت بە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا هیچ بنەمایەکی ڕەوایان نییە.

ئەردۆغان بەرگری لە سیاسەتی ئەنکەرە کرد لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و لیبیا لە ناوچەکەدا کردەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەردۆغان رایگەیاندووە "ئێمە بەدوای ئەوەدا نین ئیمتیازات و دەستکەوتی سیاسی لە هیچ کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەرگرین." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت تورکیا لە ناوچەکە دوور بخەنەوە، پێویستە ڕێز لە ئیرادەی تورکیا و لیبیا بگرن.

پەرلەمانی لیبیا لە 20ی مانگی دە ڕێککەوتنێکی سنووری دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا کە لە ساڵی 2019 واژۆ کرابوو، پەسەند کرد و کۆتایی بە ساڵانێک لە دژایەتی کردنی ئەو ڕێککەوتنە هێنا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەڵێت، "ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی تورکیا و لیبیا بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و هەنگاوێکی یارمەتیدەر نییە و ورووژێنەرە."

لە لایەکی تریشەوە یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دژایەتی ئەو بڕیارەیان کردووە و دەڵێن ئەو ڕێککەوتنە پێشێلکردنی مافی سەروەری وڵاتانی دیکە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ڕێککەوتنەکەی بە "نایاسایی و نادروست" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنەکە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییە دەریاییەکانە و پێشێلکردنی مافی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش ئەم رێککەوتنەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند تورکیا جارێکی دیکە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەدات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG