پەرلەمانی میسر ڕۆژی دووشەممە داوای عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسری پەسەند کرد بۆ ڕێگەدان بە پشتیوانی سەربازی بۆ سعودیە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر بە هێرشی حوسییەکانی یەمەن.
ڕۆژنامەی ئەلئەهرامی سەر بە حکومەتی سعودیە بڵاویکردووەتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر، بڕیاری"سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پشتیوانی لە سعودیە" پەسەند کردووە.
پەرلەمانی میسر کە تێیدا لایەنگرانی سیسی زاڵن، هەفتەی ڕابردوو پێش دەنگدان سێ دانیشتنی دەگمەنی داخراوی لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدا و دووجار دەنگدانەکەی دواخست.
سیسی هەفتەی ڕابردوو داوای لە پەرلەمان کردبوو کە ڕێگە بە پشتیوانی سەربازی بۆ سعودیە بدات ئەگەر داوای کرد.
هێشتا دیار نییە میسر چ جۆرە پاڵپشتییەکی بەرگری بۆ سعودیە دەکات.
میسر کە خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهانی عەرەبیدا، خاوەنی سەدان هەزار سەربازی چالاک و فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووە کە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە دابین دەکرێن لەوانە ئەمەریکا، چین، فەرەنسا و ڕووسیا.
سیسی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پشتیوانییەکانی میسر بە ئامانجی "بەرگریکردن لە خاکی سعودیە" دەبێت و هێرش بۆ سەر یەمەن ناگرێتەوە.