Accessibility links

بەرپرسانی باڵای وڵاتانی سعودیە، تورکیا و پاکستان سەردانی ئێران دەکەن

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز سەبارەت بە سەردانی بەرپرسانی باڵای پاکستان، عەرەبستان و تورکیا بۆ تاران، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕۆژی دووشەممە 26ی مانگی دە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکە، هەماهەنگیی ناوچەیی و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشە لە تاران.

عەلی باقری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی حکومەتی ئێران وتی خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە، عاسیم مونیر فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان و ئیبراهیم کالین بەڕێوەبەری هەواڵگری تورکیا لەو بەرپرسانەن کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران گەشت دەکەن بۆ تاران.

پێشتر ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئاگادار، ئامانجی سەردانەکەی بۆ تاوتوێکردنی "هەماهەنگی ناوچەیی" ڕاگەیاندبوو.

سعودیە، پاکستان و تورکیا ئەندامی پەیمانی بەرگریی مەککەن کە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر لە سعودیە لەلایەن سەرکردەی ئەو وڵاتانەوە واژۆ کرا.

عەلی باقری ڕایگەیاندووە عاسیم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی بۆ تاران کە لەگەڵ موحسین ڕەزایی دیداری کردبوو، بڕیاری سەفەری بەرپرسانی باڵای عەرەبستان، تورکیا و پاکستانی بۆ تاران و ئەنجامدانی دیدارێکی هاوبەش لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.

عاسم مونیر هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە تاران کۆبووەوە، لەوانە لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.

ئەمە یەکەم سەردانی هاوبەشی بەرپرسانی باڵای پەیمانی مەککەیە بۆ تاران لەدوای پێکهێنانی پەیماننامەی مەککە و لەکاتێکدایە کە هێشتا سعودیە لەژێر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG