بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، بۆ جاری دووهەم ئەو هۆشدارییەی دووبارە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی یان یەکێک لە هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکە ئەگری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی.
نەتانیاهو لە کاتێکدا لە تەنیشت سیستەمێکی دژە مووشەکی بالستیکی وەستابوو، وتی "سوپای ئیسرائیل بە تەواوی ئامادەیە، چ لە ڕووی بەرگرییەوە و چ لە ڕووی هێرشبەرییەوە." وتیشی "ئێمە زانیاری هەواڵگریمان هەیە کە ڕەنگە ئێران و گرووپەکانی سەر بە تاران هێرش بکەنە سەرمان بۆ ئەوەی کێشەمان بۆ دروست بکەن و پڕۆسەی هەڵبژاردن پەکبخەن."
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئاگاداریان دەکەمەوە، ئێمە تاقی مەکەنەوە، ڕووبەڕووی گورزێکی تێکشکێنەر دەبنەوە."
نەتانیاهو هۆشداریشی دا "ئێمە زۆر بەهێزترین لەوەی ئێوە بیری لێدەکەنەوە، ئێمە بە کەم مەزانن، تاقیمان مەکەنەوە."
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە هەفتەی ڕابردوو کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە ژەنەڕاڵ ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەم دواییەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ پێویستییەکی ئۆپەراسیۆنی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان نابینێت.
نەتانیاهو هۆشداری دەداتە ئێران وهێزەکانی سەر بەو وڵاتە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل