Accessibility links

زانایان شێوەی ڕوخساری مرۆڤێکی بەر لە 315 هەزار ساڵیان دروست کردەوە

دیمەنی دەموچاوی یەکێک لە بەردبووەکانی چیای ئیرهودی وڵاتی مەغریب بە شێوەی سێ ڕەهەندی  مۆدێل کراوە و ڕەنگکردنی قژ و پێستەکەی لێکدانەوەی هونەرییە.
دیمەنی دەموچاوی یەکێک لە بەردبووەکانی چیای ئیرهودی وڵاتی مەغریب بە شێوەی سێ ڕەهەندی مۆدێل کراوە و ڕەنگکردنی قژ و پێستەکەی لێکدانەوەی هونەرییە.

زانایان دەڵێن توانیویانە بە شێوەی سێ ڕەهەندی وێنەی ڕووخساری مرۆڤێک دروست بکەنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 315 هەزار ساڵ لەمەوبەر

هەرچەندە خەسڵەتەکانی دەموچاوی زەقن و چەناگەی بەرەو پێشەوەیە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ بە شەقامێکدا تێپەڕێت، زۆر جیاواز دەرناکەوێت.

سیسێرۆ مۆرایس دیزاینەری سێ ڕەهەندی بە ماڵپەڕی سایەنس ئەلێرتی وت، "کەسەکەی جەبەل ئیرهود ڕەنگە لەناو حەشاماتێکدا کەس سەرنجی نەدات، بەڵام ئەگەر زیاتر وردبینەوە، هەندێک سیمای هەیە کە جودای دەکاتەوە لە خەڵکی دیکە. یەکێک لە دیارترینیان بریتییە لە سیما زەقەکانی و چەناگە دەرپەڕیوەکەی."

چیرۆکی ئەم دەموچاوە لە ساڵی شەستەکانەوە دەستیپێکرد، کاتێک کارگەران لە کانێک لە چیای ئیرهودی وڵاتی مەغریب سەرقاڵی دەرهێنانی کانزابوون، کەللەسەرێکیان دۆزیەوە. سەرەتا زانایان وایانزانی کەللەسەری نیاندەرتاڵێکی ئەفەریقایی بووە کە نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوپێش ژیاوە.

هەڵکەندنی زۆرتر، ڕوفاتی زیاتری مرۆڤ و ئامێری بەردینی ئاشکرا کرد. کاتێک توێژەرەکان وردبوونەوە لە بابەتە دۆزراوەکان، تێگەیشتنیان لەبارەی کەسەکان و تەمەنیان گۆڕا.

ساڵی 2017 دوو توێژینەوە دەریان خست کە ئەو ڕووفاتانە هی مرۆڤی هەمان جۆری خۆمانن: هۆمۆ سەیپیەن.

هەروەها توێژینەوەکان تەمەنەکەیان بە نزیکەیی دیاری کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ 315 هەزار ساڵ لەمەوبەر. وردپێکی دیاریکردنی ئەو ساڵەش بەجۆرێکە کە 34 هەزار ساڵ کەمتر یاخود زیاترە لە ماوە ڕاستەقینەکە.

لەبەرئەوەی هیچ کەللەسەرێکی پڕاوپڕ بوونی نەبوو تاوەکو زانایان کاری لەسەر بکەن، زانایانی پەیمانگای پلانک بۆ مرۆڤناسیی پەرەنسەندیی لە ئەڵمانیا ناچاربوون پاشماوەی ئێسکی چەندین تاکی دیکە لێک بدەن بۆ دروستکردنی کەللەسەرێکی دیجیتاڵی.

زۆربەی کاسەی سەری و بەشی سەرەوەی دەموچاوی لە خودی ئەو کەلەسەرە وەرگیراوە کە یەکەم جار دۆزایەوە و ناسراوە بە ئێرهود 1.

هەندێک بەشی کەلەسەری ئێرهود 1 فەوتابوون: وەک بەشی خوارەوەی چەناگە و ماددەی ددانەکەی؛ بۆیە لە پاشماوەی ئەو روفاتانە وەرگیران کە لە توێی دیکەی زەویەکەدا دۆزرابوونەوە. لەبەرئەوە ناکرێت ئەم ڕووخسارە دروستکراوە وەک وێنەیەکی دەقاودەقی یەک کەس تەماشا بکرێت.

مۆرایس دەڵیت، "شەویلگی خوارەوە و ددانەکان، کە هی تاکە کەسی دیکەن، زۆر باش بۆ ئەو کەلەسەرە دەبن. لەبەرئەوە ئەگەر شەویلگی خوارەوەی خودی ئەو کەللەسەرەشمان بدۆزیبایەوە، ئەوە ئەگەری زۆرە کەللەسەرەکە زۆر جودا نەبوایە لەوەی ئێستا هەیە."

تیمەکەی مۆرایس بەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەللەسەرەکە دەستیان پێ کرد کە سەرەتا لەگەڵ توێژینەوەکەی ساڵی 2017 بڵاوکرابوونەوە. ئەوان وێنەی ڤیدیۆکانیان بەشێوەی لەسەریەک دانا بۆ دروستکردنی نمونەیەکی کەللەسەرەکە بەشێوەی سێ ڕەهەند، و پێوانە بڵاوکراوەکانیان بەکار هێنا وەک پێودانگێک بۆ دروستکردنی دەموچاوەکە.

ئینجا پێویستیان بەوە هەبوو مەزەندەی بکەن ئەو ئێسکانەی ڕووخسارەکە چۆن بە پێست بپۆشن.

بۆ ئەم کارەش سی تی سکانی مرۆڤێکی پێگەیشتووی ئێستایان بەکار هێنا کە ناوی نەزانراوە. ئەو سکانە کەللەسەر و شانەکانی پێست و ماسولکەی چواردەوری کەللەسەرەکەی دەر خست. لە کۆمپیوتەرەکەدا، شێوەی کەللەسەرە نوێیەکەیان دەستکاری کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ نمونە دێرینەکەدا بگونجێت، بەو جۆرەش شانەکانی ماسولکە و پێستی دەموچاوەکە لەگەڵ گۆڕینی ئێسکەکەدا گۆڕان، ئەمەش بووە خاڵێکی دەستپێک بۆ دروستکردنی ڕووخسارەکەی.

پێوانەکردنی ئەستوریی شانەکان لە کەسی زیندوودا یارمەتیدەربوون لە پوختەکردنی ئەنجامەکاندا، ئەوەشیان لەڕێگەی سۆفتوێری بلێندەرەوە ئەنجام دا.

ئەمە تەکنیکێک نیە داهێنرابێت تەنیا بۆ ئەم کەللەسەرە، بەڵکو هەمان ڕێبازی گۆڕینی هەڵکەوتەی توێکارییە کە لانیکەم ساڵی 2013 دروستکراوە و تاقیکراوەتەوە.

ئێسکە دۆزراوەکان زۆربەی کارەکەیان پێ ئەنجام درا، بەڵام لەبەرئەوەی پێست و ماسولکە نامێنەوە تاوەکو شێوەی روخساری پێ بەراورد بکرێت، لەبەرئەوە پێویستبوو داتای مرۆڤی نوێ بەکار بهێنرێت. ئەمەش بۆ ئەم کارە گونجاوبوو، بەڵام بەو مانایە نایەت کە بڵێین مرۆڤی دێرین و نوێ لەڕووی توێکارییەوە هەمان شتن.

توێژەرەکان وردیش بوونەوە لە ڕووپێوی ناوەوەی نمونەی کەللەسەرەکە. پێوانەی کاسەی سەرەکە هەزار و 364 ملیمەتر بوو. ئەم پێوانەیەش نزیکە لەو مەزەندەکردنەی پێشتر کە بەگوێرەی داتای سی تی سکانی پاشماوەی ئێسکەکە هەژماکرابوو کە هەزار و 375 ملیمەتر دەرچووبوو.

ئەم نزیکییەش لەو پێوانەیەدا پشتراستکردنەوەی نزیکیی کەللەسەرە نمونەیەکەیە، هەرچەندە بەو مانایەش نایەت کە ڕووخسارە دروستکراوەکە تەواو پێکاویەتی.

کۆتای وێنەکان بە دوو شێوە دەردەکەون: وێنەی خۆڵەمێشیی بەبێ قژ و وێنەی ڕەنگاوڕەنگی ڕەنگی پێست، قژ، و مووی دەمووچاو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG