سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕایگەیاند هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبوڵ میوانداری هاوتاکانی خۆی لە میسر، پاکستان، سعودیە، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەکات بۆ تاوتوێی کردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و پرسی ئێران و هاریکاریی ئەمنی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، کۆبوونەوەکە کە بۆ یەکەمین جارە لەسەر دەستپێشخەری تورکیا و بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵات بەڕێوەدەچێت، پێکدادانی ئیسرائیل و فەلەستین، پێشهاتەکانی تەنگەی هورمز و ئێران، دۆخی یەمەن، هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا لەخۆدەگرێت.
ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە فیدان جەخت لەسەر پێویستی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ شەڕی ئەمەریکا و ئێران، ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و باب ئەلمەندەب و پشتیوانی تورکیا بۆ ئاسایشی سعودیە لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ئێران دەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها هەوڵەکانی ئەنکەرە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕی ئۆکرانیا بۆ دەریای ڕەش و کاریگەرییە ئەمنییەکانی ململانێکان بۆ ناوچەکە تاوتوێ دەکات.