Accessibility links

عێراق دەروازەی سنووریی شیبی لەگەڵ ئێران داخست؛ تارانیش پشتڕاستی کردەوە

حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی شیبی لەگەڵ ئێراندا تا کاتێکی نادیار داخستووە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم بڕیارە بۆ پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پشکنین، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی ماددە قەدەغەکراوەکان گیراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 21ی مانگی دە، بەرپرسیارێکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ڕێوشوێنە ئاسایشییەکانی ئێستای دەروازەی شیب لاوازن و پێویستی بە بەهێزکردن هەیە.

دوو سەرچاوەی دیکە لە دەروازەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە هاتوچۆی هاووڵاتیان، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بازرگانییەکان تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.

لە هەمانکاتدا، بەپێی ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، وەلیوڵڵا حەیاتی، بەرپرسێکی ئاسایشی ئوستانی خوزستان، پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەروازەی جەزابە، کە لە لای عێراق بە شیب ناسراوە، بە بڕیاری حکومەتی عێراق داخراوە.

بەرپرسە ئێرانییەکە ئاشکرای کردووە، گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێران و بەرپرسانی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازەکە.

حەیاتی داوای لە هاووڵاتیان و شۆفێرانی بارهەڵگرەکان کردووە، تا کردنەوەی دەروازەی شیب، دەروازەی شەلامچە بەکاربهێنن.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیای عێراقی، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووریی نێوان عێراق و ئێران بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دابخرێن، بەڵام تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان ئەم پلانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دەروازەی شیب لە پارێزگای مەیسانی لەگەڵ سنووری پارێزگای خوزستان لە ئێران. ئەم دەروازەیە یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگەکانی بازرگانی و هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات.

پێشتر، لە مانگی نۆدا، عێراق دەروازەی شەلامچەی بە شێوەیەکی کاتیی داخستبوو، دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر سعودیە. ئەوکات ریاز ڕایگەیاندبوو درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە هاویشتراون، بەڵام حکومەتی عێراق لەسەر ئەو بانگەشەیە لێدوانی نەدابوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG