سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باکووری کەرتی غەزە، ئەندامێکی حەماسی کوشتووە کە بەشداری لە ڕفاندن و کوشتنی شانی لووک کردبوو لە کاتی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری (مانگی دە) ساڵی 2026 بۆ سەر ئیسرائیل.
شانی لووک کچێکی ئیسرائیلی تەمەن 22 ساڵ بوو و هونەرمەندێکی تاتۆکاربوو، کە لە کاتی هێرشەکانی حەماسدا بەشداری فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤای کردبوو.
دەستبەجێ دوای هێرشەکە، ڤیدیۆیەک بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا هەواڵییەکان بڵاو بووەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت تەرمی کچەکە لەسەر پیکابێکی حەماس دانراوە و پێنج چەکدار لەدەوری دەبینرێن.
ئیسرائیل دەڵێت یەکێک لە چەکدارەکان بریتی بوو لە تامر محەمەد ئیبراهیم زەیبەق، و ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە باکوری غەزە کوشتویەتی
بەپێی ڕاگەیەندراوەکی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، شین بێت، ئەو چەکدارە ئەندامی باڵی سەربازیی حەماس بووە و لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا چووەتە ناو خاکی ئیسرائیل و بەشداری لە ڕفاندنی شانی لووک کردووە.
سوپای ئیسرائیل و شین بێت دەڵێن چەکدارەکە لە ماوەی جەنگدا بەردەوام بووە لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازان و هاووڵاتیانی ئیسرائیل و هەوڵی داوە توانای سەربازیی حەماس بونیاد بنێتەوە.
شایەنی باسە، ئیسرائیل دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەوەی ڕاگەیاند کە لووک لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە هێرشەکەدا کوژراوە و تەرمەکەی وەک بارمتە بۆ کەرتی غەزە گواستراوەتەوە. هێزەکانی ئیسرائیل لە مانگی پێنجی ساڵی 2024 ڕوفاتەکەیان دۆزییەوە و گەڕاندیانەوە.