بە گوێرەی بەرپرسانی حکومەتی یەمەن، ئاماری کوژراوانی هێرشێکی مووشەکی حوسییەکان بۆ سەر سەربازگەیەکی حکومەتی یەمەن بەرز بووەتەوە بۆ 73 کوژراو و زیاتر لە 200 بریندار.
هێزە چەکدارەکانی حکومەتی یەمەن، کە لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە پشتگیری دەکرێن، ڕایانگەیاند کە گرووپی حوسییەکانی سەر بە ئێران دوێنێ سێ مووشەکی بالیستییان ئاراستەی ئۆردوگای 'عەلەم' لە پارێزگای شەبووا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە کردووە. ئۆردوگاکە وەک ناوەندێکی ڕاهێنان بۆ ئەو کەسانە بەکار دەهێنرا کە تازە پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسەوە کردووە.
حوسییەکان، کە لە لایەن ئەمەریکاوە بە گروپێکی تیرۆریست ڕیزبەند کراون، بەرپرسیارێتی بەئامانجگرتنی سەربازگەکەیان گرتە ئەستۆ.
ڕەشاد عەلیمی، بەرپرسی 'ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی' حکومەتی یەمەن بەڵێنی دا کە "وەڵامێکی توند"ـیان بۆ هێرشەکان دەبێت، کە بە وتەی ئەو دەرخەری ئەوەیە کە حوسییەکان "پەنادەبەنە بەر هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانە هەرکاتێک بکەونە ژێر فشارەوە یاخود کاتێک پیلانەکانی سەر بە ئێرانیان بۆ تێکدان شکست دەخۆن."
لە هەمان کاتدا، ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی دەزگای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕی پاش ئەوەی حوسییەکان گەمارۆی شاری تایزیان دا وەک بەشێک لە هەڵمەتەکانیان دژی حکومەتی یەمەن.
ڤۆڵکەر تورک رایگەیاند، "هەنگاوی حوسییەکان بە داخستنی تاکە ڕێگەی دابینکردنی پیویستییەکان کە تایز بە عەدەنەوە دەبەستێتەوە، خەڵکی مەدەنی دەخاتە مەترسیی گەورەوە و دەبێتە ڕێگری لە گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی و دەبێتە هۆی پچڕاندنی دابینکردنی کەرەستە سەرەکییەکان."
هەروەها تورک ئەوەشی وت کە "دەبێت دەستبەجێ ڕێگە بە ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ناو شارەکە بدرێت و ئاسانکاریی بکرێت بۆ تێپەڕبوون. دەبێت ڕێگەش بە خەڵکی مەدەنی بدرێت بەشێوەیەکی ئازاد و سەلامەت شوێنەکە چۆڵ بکەن ئەگەر بخوازن."
بەیاننامەیەکی نوسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای ئاوارەکان دەڵێت لە نێوان 1ـی مانگی هەشت تاوەکو 19ـی مانگی دە، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتراستیکردۆتەوە کە 32 کەسی مەدەنی لە تەواوی پارێزگای تایز کوژراون، لەنێویاندا 14 منداڵ و نۆ ژن هەن. هەروەها 115 مەدەنیش بریندار بوون.
هێرشی کوشندەی حوسییەکان هەر بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی یەمەن چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو ئاسایشی سعودیەشی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.
بەریتانیا ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی "بەرگریکارانە" لە سعودیە ئەنجامدەدات بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی حوسییەکان.
وێس ستێرلینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە وتی "ئەمڕۆ پەرلەمانم ئاگادارکردەوە کە تایفوونی هێزی ئاسمانی شاهانەیی دەخەینە گەڕ بەمەبەستی چالاکیی بەرگریکاریی بەرەنگاربوونەوەی ئاسمانیی لەدژی ئەو زیادکردنە بێمانایەی هێرشی حوسییەکان کە لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان."
ستێرلینگ ئاماژەی دا بە هێرشە کوشندەکانی ئەم دواییانەی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرەکی، و بە "زیادکردنێکی ناپەسەند" وەسفیکرد.
هەروەها وتیشی "بەریتانیا ئەو جۆرەیە لە وڵات کە کاتێک هاوپەیمانەکانی داوای کۆمەک دەکەن، ئێمە بەدەنگیانەوە دەچین."
ستێرلینگ جەختیکردەوە کە فڕۆکەکانی بەریتانیا پێگەی حوسییەکان لەسەر زەوی ناکەنە ئامانج.
توندبوونەوەی شەڕی ئەم دواییانەی نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەن کۆتایی بەو ئاگربەستەی ساڵی 2022 هێنا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی دەکرد و بەشێوەیەکی بەرچاو پێکدادانەکانی شەڕی ناوخۆی لە یەمەن ڕاگرتبوو.