Accessibility links

حزبی دێموکرات: هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ گواستنەوەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێ نەگەیشتووە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوە یان ئاماژەیەکی فەرمییان لە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێ نەگەیشتووە، سەبارەت بە گواستنەوە یان دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.

حیزبی دێموکرات لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە کوردییەکانی دیکەی ئێران لە پێش ساڵی 1991ـەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبوون. بە درێژایی ئەو ماوەیە، ئێمە پابەند بووین بە ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و یاسا و دامەزراوەکانی و یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان."

لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی ئامانج و چالاکییەکانی ئەو حزبانە لە ناو کوردستانی ئێراندایە و بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ناو ئێراندا خەبات دەکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی یان ئاماژەیەکمان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەم بارەیەوە پێ نەگەیشتووە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، بەرپرسانی عێراق و ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی دووشەممەدا لە بەغدا، لەسەر گواستنەوەی ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون.

This item is part of
XS
SM
MD
LG