Accessibility links

سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە،18ی مانگی دە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جاناتان پاول، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا کۆبووەتەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بە تایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری تاوتوێ کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، پاول پیرۆزبایی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی کردووە و هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان بە بەرز نرخاندووە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا هەروەها جەختی لە پاڵپشتی لەندەن بۆ حکومەتی عێراق و بەرنامەی چاکسازییەکەی کردووەتەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون. هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هەوڵی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی بۆ ڕەگ و ڕیشەی گرژییەکان کردووەتەوە، هەنگاوێک کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG