Accessibility links

تورکیا باسی دەنگدانی پێشوەخت دەکات کە ڕێگە بۆ ئەردۆغان دەکاتەوە جارێکی تر خۆی بەربژێر بکات

ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند کە شیانی هەیە وڵاتەکەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028 لە وادەیەکی زووتردا ئەنجام بدات، ئەمەش ئەگەری ئەوە دەخاتە بەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکاتەوە.

لە ئێستادا وەها دانراوە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە مانگی پێنجی 2028 ئەنجام بدرێن.

محەمەد ئوچەم، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنکەرە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، "ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونە کە هەڵبژاردنەکانی 2028 لە مانگی سێ یاخود چواردا ئەنجام دەدرێن."

ئوچەم ڕوونی نەکردەوە کە ئەمە چی سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار دەگەیەنێت. بەڵام لێدوانەکەی تا ئێستا ڕوونترین ئاماژەیە لەلایەن بەرپرسێکی باڵاوە درابێت بۆ پشتگیری لەو پێشنیارەی لە لایەن هاوپەیمانەکانی ئەردۆغانەوە کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرفەتدان بە ئەردۆغان بۆ ئەوەی جارێکی بەربژێر بکرێتەوە.

ئەردوگان ماوەی 23 ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیا دەکات، سەرەتا وەک سەرۆک وەزیران و پاشان وەک سەرۆککۆمار.

لە ڕیفراندۆمێکدا کە ساڵی 2017 ساز درا، سیستەمێکی نوێی سەرۆکایەتی جێبەجێکاری هاتە ئاراوە کە بواری بە ئەردۆغان دا دوو جاری دیکە هەڵببژێردێتەوە، لە 2018 و 2023.

هەرچەندە ئەو سیستەمە نوێیە جارەکانی بەربژێرکردنەوەی بۆ دووجار سنوردار کرد، دەشێت بەگوێرەی دەستور جارێکی دیکەش خۆی بەربژێربکاتەوە، ئەگەر پەرلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات پێش ئەوەی کە تەواوی دوا خولی پێنج ساڵەی تەواو بکات."

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، بەڵام دەڵێن دەیانەوێت هەلی ئەوەیان هەبێت بەرپەرچی سیاسەتە ئابورییەکانی ئەردۆغان بدەنەوە، نەک هەلی پێبدەن جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە.

ئۆزگور ئۆزێلی سەرکردەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن هەفتەی رابردوو وتی، "بچووکردنەوەی مەسەلەکە بۆ 'چۆن وابکەین تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە' لە دیدی ئێمەوە ناپەسەندە."

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە کە هاوپەیمانە لەگەڵ ئەردۆغان هەفتەی ڕابردوو داوای لە پەرلەمان کرد هەڵبژاردن "لە کاتێکی شیاودا" ئەنجام بدات تاوەکو ڕێگە بدات "سەرۆک ئەردۆغان خۆی بەربژێر بکاتەوە."

زۆرینەی سێ لە پێنجی پەرلەمان، واتا 360 لە کۆی 600 پەرلەمانتار، پێویستە دەنگ بدەن بۆ داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت. پارتی داد و گەشە و هاوپەیمانەکانی 331 کورسییان هەیە، لەبەرئەوە ئەو هاوپەیمانییە پێویستی بە 29 دەنگی پارتەکانی دیکە دەبێت، کە دەکرێت ئەمە هێشتا ئاڵنگاریی بێت بۆیان.

سەرچاوە: رۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG