وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیدا، عیراق نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند فوئاد حسێن ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە ڕۆما کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاماژەدان بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لەم دیدارەدا ڕایگەیاندووە، شەڕی ئەم دواییە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە.
هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم ململانێیە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی وزەی جیهانی و زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە گەشەی هەڵاوسان و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دیکە لەسەر ئابووری زۆرێک لە وڵاتان، لەنێویاندا وڵاتانی ئەورووپا.
فوئاد حسێن داوای ڕۆڵێکی کاراتری یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپایی لەوانەش ئیتاڵیای کرد بۆ پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی و نزیککردنەوەی هەڵوێستی لایەنە ناکۆکەکان و هاندانیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئیتاڵیا هەروەها باسیان لە داهاتووی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی ئامادەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
یەکێکی دیکە لە تەوەری باسەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە هەندێک دۆسیەی دارایی و سەربازیی چارەسەرنەکراوی نێوان عێراق و حکومەتی ئیتاڵیا و کۆمپانیاکان کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی پێشووی عێراق.
هەروەها هەردوولا تاوتوێی لێکەوتەکانی بەردەوامی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیایان لەسەر ئاسایشی ئەورووپا و هەروەها پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر عێراق کرد.
وەزیری درەوەی عێراق سەرەڕای پێزانینی بۆ پاڵپشتی ئیتاڵیا لە شەڕی داعش، هەروەها ڕۆڵی وڵاتەکەی لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پۆلیسی عێراق و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە بەرز نرخاند.
ئەنتۆنیۆ تایانی هەروەها جەختی لە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەردەوامیی پشتیوانیی ئیتاڵیا بۆ عێراق لە بوارە جیاجیاکان کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ڕاوێژ و هەماهەنگی لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و فوئاد حوسێنیش هاوتا ئیتاڵییەکەی بانگهێشت کرد بۆ سەردانی عێراق.