Accessibility links

ڕووسیا هێرش بۆ سەر پاڵاوگەیەکی ڕادەگەیەنێت و زلێنسکی دەڵێت ئوکراینا دەستی لە ئاگربەستی وزە هەڵگرتووە

دیمەنی وێرانبوونی باڵەخانەیەک لە شاری کیێڤ بە هۆی مووشەکێکی ڕووسیا لە 13ـی دەی 2026.
دیمەنی وێرانبوونی باڵەخانەیەک لە شاری کیێڤ بە هۆی مووشەکێکی ڕووسیا لە 13ـی دەی 2026.

حکومەتی ڕووسیا پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی ڕیازان، ئەمەش چەند کاتژمێک دێت پاش ئەوەی سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمێر زلێنسکی وتی کە دەستی لە ئاگربەستی وزە هەڵگرتووە.

وەزیری بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە هێرشەکە بە درۆن و موشەک ئەنجام دراوە و بووەتە مایەی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەکە.

چەندین مانگە ئۆکراینا بەشێوەیەکی ڕوو لە زیادبوو پێگەکانی وزەی ڕووسیا دەکاتە ئامانج، و سەرکردە ئۆکرایناییەکان دەڵێن مەبەست لە هێرشەکان بریتیبووە لە لاوازکردنی تواناکانی ڕووسیا لە دابینکردنی داهاتی شەڕ.

پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئاگەربەستێکی بواری وزە لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ئەنجامدراوە، زلێنسکی وتی کە سوپای وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بە وەستاندنی هێرشەکانینا بۆ سەر ئەو ئامانجانە. بەڵام سوپای ڕووسیا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئۆکراینای کردە ئامانج.

زلێنسکی لە وتارێکیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز بڵاو کراوەتەوە، نوسیویەتی، "ڕاگرتنی [هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکان] کۆتایی هات. ئێمە دەستمان لێی هەڵگرت."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە کۆشکی سپییەوە تاوەکو سەرنجی خۆیان لەسەر قسەکانی زلێنسکی بدەن. تاوەکو ئێستا داواکارییەکە وەڵام نەدراوەتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملن ئەمڕۆ بە پەیامنێرانی وت کە ئۆکراینا هەرگیز لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی وزە ڕانەوەستابوو.

پێسکۆڤ وتی، "ڕژێمی ئۆکراینا لە کیێڤ سورە لەسەر بەئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانە، بەو پێیەش لە ناکۆکیدایە لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتیی دانوسانکارانی ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا هەوڵی زۆر بێوچان دەدەن بۆ بەگەڕخستنی پرۆسەی ئاشتی."

زلێنسکی ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەوروپای خۆرئاوایە بە ئامانجی بەدەستهێنانی کۆمەکی زیاتری هاوپەمانانی. گەشتەکەی ڕۆژی چوارشەممە بەڵێنی کۆمەکی لە بەریتانیاوە لێ کەوتەوە و هەروەها بڕیارە گفتوگۆش لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG