دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران بۆ جاری دووەم سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی سنە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی چەکداری" دەردەکات.
دووبارە دەرکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی پارێزەرەکانی ئەم زینداییە، ناڕەزایەتی و کەموکوڕییە یاساییەکانی دۆسیەکە کە لەلایەن دادگای باڵاوە ئاماژەی پێکراوە تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە، 14ـی مانگی دە جارێکی دیکە سزای نوێی لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی دەرکراوەتەوە. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوو لەو ڕێکخراوانەن کە ئەم هەواڵەیان بڵاو کردووەتەوە و باسیان لە لایەنە یاسایی و دادوەرییەکانی دۆسیەکە کردووە.
بە گوێرەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دەرکردنی ئەم سزایە لەکاتێکدایە کە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 بڕیاری لەسێدارەدانی وەریشە موردای بەهۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەی ورد و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان هەڵوەشێنرابووە و دۆسیەکەی ڕەوانەی هەمان دادگا کرابووە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە و پێداچوونەوە، بەڵام بەبێ لەبەرچاو گرتن و چارەسەرکردنیان، جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوەتەوە.
وەریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، مانگی هەشتی ساڵی 2023 لە کاتی گەڕانەوەی لە کرماشانەوە بۆ سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و دەرونیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.
پێشتر ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کەژار( ڕێکخستنێکی سیاسی تایبەت بە ژنانی ئێران) کە هاوڕێی وریشە مورادیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "وەریشە لەو کاتەوەی دەستگیرکراوە، ئازاری زۆری جەستەیی و دەروونی دراوە لە زینداندا و لە بەرامبەردا ئەویش هەڵویستی وەرگرتووە و جگە لەوەی ئامادەی دادگا نەبووە، دوو جار نامەی فەرمی ئاڕاستەی ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردووە."
کەمانگەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئازادیخواز و چالاکوانانی ژنان کردبوو کە دەنگی وەریشە بن و بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەم سزایە.