حکومەتی ئازەربایجان بەرگری لە بڕیارێکی کرد تایبەت بە ڕێنماییە نوێیەکانی جل و بەرگی قوتابخانەکان کە ڕێگری دەکات لە پۆشینی حیجاب لە قوتابخانەکان، و لەسەر ئەمە داوا لە تورکیای هاوپەیمانی دەکات کە دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنەدات.
ئازەربایجان وڵاتێکی سیکۆلارە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن. حکومەت مانگی ڕابردوو ڕێنماییەکی دەرکرد، تێیدا قوتابیان ناچار دەکات پابەندی جل و بەرگی فەرمی قوتابخانەکان بن.
ئەگەرچی ڕێنماییەکە بە ئاشکرا باس لە حیجاب ناکات، بەڵام دەڵێت قوتابیان پێویستە پابەدی سیستەمی جلوبەرگی گشتی خوێندن و بنەما سیکۆلارەکانی وڵاتەکە بن. ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ڕێگری لە چوونەژوورەوەی هەندێک قوتابی و مامۆستای حیجابپۆش بۆ قوتابخانەکان و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان ڕایگەیاندووە 37 کەسی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیر کردووە.
لە بەرامبەردا، ئۆکتای سارال، ڕاوێژکاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بڕیارەکەی بە "نەشیاو" ناو برد و داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد.
پارتی دەسەڵاتداری ئازەربایجان 'یەنی ئازەربایجان' لە وەڵامدا ڕەخنەکانی سارالی بە "پوپۆلیستی و نابەرپرسانە" ناو برد و هۆشداری دا لەوەی زیان بە پەیوەندییە نزیکەکانی ئەو دوو وڵاتە دەگەیەنێت.
ئازەربایجان و تورکیا هاوپەیمانی سەرەکی یەکترین و سیاسەتەکانیان لەسەر بنەمای 'یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت' بەڕێوە دەبەن.
پارتی دەستەڵاتداری ئازەربایجان جەختی کردەوە کە دروشمی 'یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت' مۆڵەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتری نادات. پارتەکە هەروەها بەرگری لە پەیوەندییە نزیکەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی هاوبەشە.